٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکەم کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشامی لە سنووری پارێزگای دهۆک کەوتە کار

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- لە سنووری پارێزگای دهۆک یەکەم کارگەی گەنمەشامی کەوتە کار کە جووتیاران دەتوانن لە ڕێگەی ئەو کارگەیەوە ئەگەر گەنمەشامیان ساخیش نەکرێتەوە وشکی بکەنەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵیگرن و دواتر هەر کاتێک بازاڕی هەبوو ساخی بکەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێستا جووتیارێکی زۆر ڕوویان لە چاندنی گەنمەشامی کردووە و خواستێکی زۆریشی لەسەرە.

تەحسین گۆران، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆری گەنمەشامی لە سنووری ئێمە چێندرابوو کە ساڵانە نزیکەی 400 دۆنم زەوی دەکرایە گەنمەشامی و ئەمساڵ سەرووی دوو هەزار دۆنم زەوی کرابووە گەنمەشامی و بەرهەمەکەشی زۆر باش بوو و لە بازاڕیش زۆر باش ساخ دەکرێتەوە و نرخەکەشی باشە و سوودێکی زۆری بۆ جووتیاران هەیە.''

تەحسین گۆران گوتیشی: ''کارگەیەکی تایبەت بە گەنمەشامیش کراوەتەوە بۆ وشککردنەوەی گەنمەشامی، چونکە گەنمەشامی شێی زۆرە و ڕێژەکەی 32 تا 33% دەبێت و پێویستە شێیەکەی کەم بکرێتەوە بۆ 12% بۆ ئەوەی هەڵبگیرێت، ئەگەرنا ناتواندرێت هەڵگیرێت بەم شێوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر، بۆیە ئەو کارگەیە زۆر گرنگە و تاکە کارگەیە لە سنووری دهۆک کە بتوانێ گەنمەشامی وشک بکاتەوە، بۆیە ئەوە وا دەکات جووتیاران ترسیان نەبێت لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکەیان کە ماوەی هەفتەیەکە دەستی بەکار کردووە.

گۆران باسی لەوە کرد: ''جووتیارانیش ئاگادار دەکەینەوە ئەوەی گەنمەشامیی هەیە و کێشەی وشککردنەوەی هەیە دەتوانن سەردانی ئەو کارگەیە بکەن، چونکە لە ماوەیەکی کەم وشک دەکرێتەوە و دەتواندرێت ئەگەر ئێستاش ساخ نەکرێتەوە هەڵیبگرن و دواتر ساخ بکرێتەوە.''

گوتیشی: ''داواکارییەکی زۆر لە سەر گەنمەشامی هەیە و بەرهەمی ئێمەش باشە و مەزندە دەکات ئەمسال بگاتە 4 هەزار بۆ 4 هەزار و 500 تۆن بیت، چونکە هەر دۆنمێک دوو تۆن بەرهەمی هەیە.''

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار