تەرمی قوربانییانی تەقینەوەکەی دهۆک بە رێوڕەسمێکی سەربازی بەخاکدەسپێرین

دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک ئاماری قوربانییانی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی ئەو شارەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە، کە یەکیان لە هێزەکانی پۆلیسە". گوتیشی: "تەرمی چوار قوربانییەکە لە رێوڕەسمێکی سەربازیدا لە گۆڕستانی شاخکێ لە دهۆک بەخاکدەسپێرین".
ئهمڕۆ عەمید فەخری ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "کاتێک ئاگادارکراینەوە تانکیی غازی سەر باڵەخانەکە گازی لێدەچێت، خوێندکارەکانمان لە شوێنەکە دوورخستەوە و ئەگەر فریا نەکەوتباین، قوربانییەکان لەو ژمارەیەی کە هەیە زۆر زیاتر دەبوو".
بەهۆی رووداوەکە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 کەسیش بریندارن کە لەناو بریندارەکاندا کارمەندێکی کۆمپانیای گازەکە تەندروستی ناجێگیرە.
لەبارەی دۆخی بریندارەکانی دیکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک گوتی: "ئەوانی دیکە سەرجەمیان برینەکانیان سووکە و زۆربەیان نێردراونەتەوە ماڵەوە، ئێستا 10 بریندار لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، کە ئەوانیش دۆخی تەندروستییان جێگیرە".
بەگوتەی عەمید فەخری: "تەرمی چوار قوربانییەکە لە رێوڕەسمێکی سەربازیدا و بە شکۆوە لە گۆڕستانی شاخکێ بەخاکدەسپێرین و پرسەی هەموویان لە مزگەوتی حاجی ئەحمەد لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمەش لەگەڵ خێزانی خاوەن پرسەکان قسەمان کردووە و ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک پرسەکە بەڕێوەدەبەین".
لەدوای تەقینەوەی تانکیی گازەکە لە دهۆک، سەرۆکی حکوومەت فهرمانیکرد بە ههموو جۆرێک کارکردن به سیستمی گاز رابگیرێت و نابێت به هیچ جۆرێک بهکاربهێنرێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆکیش دەڵێت، "لەدوای ئەو بڕیارە، لە شەوی رابردووەوە هاتنی ئەو ئۆتۆمبێلانەمان بۆ ناو دهۆک راگرتووە کە ئەو گازە دەگوازنەوە و ئێستا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئەو رووداوانە دەستیپێکردووە و تاوەکو دەرچوونی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بەردەوام دەبین لەو رێوشوێنەی گرتوومانەتەبەر".




