کونسوڵی بەریتانیا: بەرامبەر بەم دەستدرێژییانە بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەوەستێت

هەولێر-KDP.info- کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر سەبارەت بە هێرشەدووبارەبووەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت، بەرامبەر بەم دەستدرێژییانە بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەوەستێت.
دایڤید هەنت، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ڕایگەیاند: جارێکی دیکە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبنەوە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
ڕاشیگەیاند: لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە بەهۆی ئەم هێرشانەوە لانیکەم 12 کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆری دیکە بریندار و ئاوارەبوون.
هەروەها جەختی کردۆتەوە کە "بەریتانیا بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە بێ پاساوە لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دەوەستێت."
کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر هاوکات نووسیویەتی "پەیامەکەمان ڕوونە: بوەستن."
ئەمەش لەکاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو ئێران بە مووشەک و درۆن بەچڕی هێرشی کردە سەر ناوچەکانی جێژنیکان لە ناحییەی بەحرکەی سنووری پارێزگای هەولێر، قەڵای دیموکرات و بنکەی تەندروستی ئازادی لە کۆیە و زرگوێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بۆردومانەکە شەهید و برینداری لێکەوتەوە.




