کۆنسولخانەی ئەڵمانیا: داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێ ئەم هێرشانە رابگرێت

هەولێر-KDP.info- کۆنسولخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر، هێرشی مووشەکی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەکرد و داوای لە حکوومەتی تاران کرد، دەستبەجێ ئەو هێرشانە رابگرێت.
کۆنسولخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا، دووپاتیکردەوە، "هێرشی چەندبارەی مووشەکی و درۆنی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەتوندی سەرکۆنە دەکەین. ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی زەقن بەرامبەر بە یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراق. داوا لە ئێران دەکەین، دەستبەجێ ئەم هێرشانە رابگرێت".
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە سوپای پاسدارانی ئێران جارێکی دیکە هێرشی درۆنی مووشەکی کردە سەر کەمپەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە نزیک هەولێر، کۆیە و دەوروبەری سلێمانی.
ڕامان وریا




