" ٤٠٠ شوقە بۆ کرێنشینان دروست دەکرێت"
__2022_11_20_h17m30s19__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- بڕیارە لە چوارچێوەی پلانی حکوومەت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون ٤٠٠ یەکە لە سنووری قەزای بەردەڕەش دروست بکرێن و قایمقامی قەزاکەش دەڵێ، زەوی بۆ دروستکردنی یەکەکان دیاری کراوە.
ئیسماعیل مستەفا، قایمقامی بەردەڕەش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشین بڕیارە ٤٠٠ یەکە بۆ قەزای بەردەڕەش دروست بکرێن، وەک ئیدارەی قەزاکەش ئێمە ٤٦ دۆنم زەویمان تەرخان کردووە بۆ دروستکردنی شوقەی کرێنشینان و بە نووسراو ئاراستەی پارێزگاری دھۆکمان کردووە.''
قایمقامی بەردەڕەش گوتی: "پارێزگاری دھۆک لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان کار لەسەر دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە دەکات تا بە زووترین کات بگەیەندرێتە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کورستان.''
ئیسماعیل مستەفا ڕوونی کردەوە: "دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەموو ناوچەکان و شارەکان کاریگەریی خۆی دەبێت، چونکە بۆ خەڵکی ھەژارە و ئەوانەی پێویستیان بە شوێنی نیشتەجێبوون ھەیە حکوومەت دەیەوێ شوێنیان بۆ دابین بکات.''
قائید میرۆ




