٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێکی پارتی بەشداری لە کۆنفرانسی ڕێکخراوی پارتە سیاسییەکانی ئاسیادا کرد

سەرچاوە: KDP.info

ئەستەنبوڵ-KDP.info- ڕۆژانی ١٧-٢٠ تشرینی دوەمی ٢٠٢٢، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا (ICAPP) کرد، کە لە ئەستەنبوڵ ڕێک خرابوو و شاندەکەش لە لایەن پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیاوە میوانداری کرا، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان: هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و عەبدولسەلام زێباری، بەرپرسی دێسکی یوراسیای مەکتەبی پەیوەندییەکان و د. دیاری حوسێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکان و د. نەزاکەت حوسێن حەمە سەعید، ئەندامی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیمان. شایانی باسە شاندێکی پەرلەمانی عێراقیش بە سەرۆکایەتیی د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کورستان لە پەرلەمانی عێراق ئامادە بوو.

کۆنفرانسی ساڵانەی (ICAPP) بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حەفتا پارتی سیاسی لە سی وڵاتی ئاسیاوە لە ڕۆژانی ١٧-٢٠/١١/٢٠٢٢ لە ئەستەنبوڵ کارەکانی ئەنجامدا و لە ڕۆژی یەکەمدا وتاری سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان خوێندرایەوە و لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا بەڕێز مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکیا، بەشداربوو و وتاری خوێندەوە. 

(INTERNATIONAL CONFERENCE OF THE ASIAN POLITICAL PARTIES-ICAPP)، لە ساڵی ٢٠٠٠ پێکهێنراوە بۆ کۆکردنەوەی زۆربەی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا بە بێ ڕەچاوکردنی جیاوازیی سیاسی و ئایدۆلۆجی. پارتیمان ئەندامێکی چالاکە و لە هەموو کۆنفرانسەکاندا وتاری خۆی هەیە و لە چالاکییەکاندا تۆڕی پەیوەندییەکانی فراوانتر و بەهێزتر دەکات.

لە کۆنفرانسی ئەمساڵدا، شاندی پارتی دوو وتاری هەبوو. وتاری سەرەکی لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکان خوێندرایەوە. لە سەرەتای وتارەکەیدا بەڕێز سیوەیلی ڕایگەیاند کە پارتی هاوبەشی خەمی کەسوکاری قوربانیانی هێرشە تێرۆریستییەکەی چەند ڕۆژی پێشتری ئەستەمبوڵە و پارتی و هەرێمی کوردستان هەمیشە دژی هەموو کارێکی تێکدەرانە و تێرۆریستی بوون.

لە بەشەکانی تری وتارەکەدا، ئاماژە دراوە بە ڕۆڵی پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە برەودان بە ئاشتی و دیموکراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ ئەمڕۆش وەک سەرەکیترین پارتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا و هاوبەشێکی گرنگ لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، خەبات دەکات. پارتی و حکوومەتی هەرێم ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە تێکشکاندنی داعش و پاراستنی ئاشتی جیهان و بەردەوامیشن لە بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم.

هەر لە وتارەکەی بەڕێز بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە بۆ سەقامگیری ئاسایش و سیاسی لە جیهاندا و عێراقیش ڕۆڵی سەرەکی لە دابینکردنی ئەو سەقامگیرییەدا هەیە و سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش لە عێراقدا بە بێ کوردستان نایەتە دی. 

لە بەشێکی تری وتارەکەدا باسی ئەوە کراوە کە بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر و دیموکراسی بێت، پێویستە بنەما سەرەکییەکان کە شەراکەت و سازان و هاوسەنگین جێبەجێ بکرێن و ئەمانەش پرەنسیپە گرنگەکانی دەستووری عێراقن.

وتارەکە ئاماژەشی داوە بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ڕۆڵی پارتی و کورد لەو حکوومەتەدا و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ دراوسێکانی لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش و درواسێیەتیی باش و دەستێوەرنەدانە لە کاروباری نێوخۆی یەکتری و، نموونەی ئەو پەیوەندیەش پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە.

هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا دەربارەی میدیا و ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان لە میدیادا، د. نەزاکەت حوسێن حەمە سەعید، ئەندامی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی ڕۆڵی پارتی کرد لە بواری ڕاگەیاندن و قوڵکردنەوەی ژیانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و لێبووردەیی لە ناو کۆمەڵگای کوردستانیدا.

لە میانەی سێ ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا شاندی پارتی لەگەڵ نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار بوو بینین و چاوپێکەوتنیان ئەنجام دا و باسی پارتی و هەرێمی کوردستان بۆ لایەنەکان کرا.

هەر لە کۆنفڕانسەکەدا، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی شاندی پەرلەمانی عێراق، وتارێکی خوێندەوە لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و پرۆسەی سیاسی.

کۆنفرانسی داهاتووی ئای کاپ، لە کەمبۆدیا لە ساڵی ٢٠٢٤ دەبەسترێ.

هەواڵی پەیوەندیدار