سەرەتای مانگی داهاتوو تونێلی دەربەندیخان دەکرێتەوە

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان کاری باشی تێدا کراوە و بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو کارەکانی تەواو بکرێت و بکرێتەوە.
ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان بەردەوامە و کاتێک تونێلەکە بۆ نۆژەنکردنەوە داخرا قەڵەباڵغییەکی زۆری لەسەر بوو، بەوردی تەماشامان کرد و دەرخستەمان بۆ ئامادە کرد و 140 مەتری پێشەوەی پێویستی بەوە بوو قاتێکی دیکەی لەسەر بدەین و کۆمەڵێک کاری دیکەی پێویست بوو، بۆیە کارەکان هەندێک زیادی کرد و هەندێک کاتی دیکەی پێویستە تا تەواو بیت.''
ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ''کارکردن تێیدا بەردەوام دەبێت تا تەواو دەکرێت و تا سەرەتای مانگی داهاتوو تەواو دەبێت و دەکرێتەوە کە 187 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، کە درێژیی تونێلەکە 700 مەترە، بۆیە تونێلەکە بە شێوەیەکی زۆر باش نۆژەن کراوەتەوە کە خزمەتی خەڵکی پێ بکرێت.''
بڵند ئیبراهیم




