٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەفتەی داهاتوو دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەست پێ دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فارس عیسا گوتی، بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دوو شاند پێک هاتوون لە هەردوولا و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە دانوستان بکەن .

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە دواین کۆبوونەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری پێکهێنانی شاندێکی حکوومەتی هەرێم درا بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا و شاندی حکوومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ دانوستان و دوێنێش شاندی حکوومەتی عێراق پێک هێندرا و فەرمانی وەزارەیشی بۆ دەرکراوە و بۆ ئێمە هاتبوو و ئێمەش بۆ ئەنجومەنی وەزیرانمان ڕەوانە کردووە و شاندەکەش بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ شاندی حکوومەتی هەرێم بکەن لەبارەی کارنامەی حکوومەت کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بەتایبەت یاسای نەوت و غاز و هەفتەی داهاتوو شاندی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات و دەست بە دانوستان دەکرێت، بۆ ئەوەی لەسەر هەموو پرسەکان بگەنە ڕێککەوتن.''

فارس عیسا گوتیشی: ''زیاتر گفتوگۆ لەسەر نەوت و دارایی دەکرێت بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێت بۆ بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو کە ئێستا بودجەکە  لە وەزارەتی داراییە، کە بڕیارە تەواو بکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکەن و پەسەند بکرێت.''

گوتیشی: ''لە کارنامەی حکوومەتدا هاتووە کە بریاری چارەسەری کێشەی نەوت لە دادگای فیدراڵی دراوە، بۆیە ئەو دوو شاندە کاریان ئەوەیە ڕێگەچارەیەک دەبیننەوە بۆ ئەوەی بودجە ئامادە بکەن و کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەمەش مافێکی ئێمەیە و دەگەنە ڕێککەوتن، بۆیە نیازپاکی هەیە و ڕێککەوتن کراوە و سەرۆکی حکوومەتیش قبووڵی کردووە، بۆیە هیوادارین جێبەجێ بکرێت.''

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت لە وەزیری دارایی، ئاوات شێخ جەناب و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.''

شاندەکەی حکوومەتی عێراق پێک هاتووە لە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و نەجیب شوکر مەحموود، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی، تەیف سامی و ڕافل یاسین، سەرۆکی چاودێریی ئیتیحادی و لیوا عومەر، نوێنەری دەستەی دەروازە سنوورییەکان و چەند بەرپرسێکی دیکەن کە ناویان لە شاندەکەدا هەیە.''

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار