د. نووری عوسمان: بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکان کاریگەریی لەسەر ئەدای کادیرانی حزب دەبێت
__2022_11_17_h15m25s12__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٤ی پارتی ئەنجامدانی کۆنفڕانسی لق و ناوچەکانی پارتییە دوو ساڵ جارێک و ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتییش دەڵێت، ئەنجامی کۆنفڕانسی ئۆرگانەکان بۆ نوێبوونەوەی حزب و ھاتنە پێشەوەی خوێنی نوێیە.
د. نووری عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆنگرەدا ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی کۆنفڕانسی لیژنەی ناوچە و لقەکانی پارتی دراوە ھەردوو ساڵ جارێک بەڕێوە بچێت، بڕیارێکی لەجێی خۆیەتی، لەبەر ئەوەی دەبێتە ھۆی ھێنانە پێشەوەی کادیری باش و بەتوانا و خوێنی نوێ بۆ نێو ئەو ئۆرگانانەی حزب.''
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەشڵێت: "بەڕێوەچوونی کۆنفڕانس ھەردوو ساڵ جارێک دەبێتە ھەڵسەنگاندنی کارەکانی ئەو شوێنە و ئەو کەسانەی لەوێ کاریان کردووە، ئەوەیش دەبێتە ھۆی زیاتر کارابوونی ئەو ئۆرگانانەی حزب و ھەموو کەسێک دەتوانێت زیاتر کار بکات بۆ ئەوەی لە کۆنفڕانسدا جارێکی دیکە ھەڵبژێردرێتەوە، یان پلەی بەرزتر بەدەست بێنێ.''
د. نووری عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بڕیارەکە لە زۆر لاوە کاریگەریی لەسەر ئەدای کارکردنی کادیرانی پارتیمان دەبێت، چونکە ئەگەر کادیرێک بیەوێت بێتە پێشەوە ئەوە لە ماوەی دوو ساڵدا دەرفەت دێتە پێشەوە دەتوانێن لە ڕێگەی کۆنفڕانسەوە سەر کەوێت، بەپێچەوانەوە کادیرێک وەک پێویست کار نەکات و ئەرکی پارتایەتی وەک پێویست جێبەجێ نەکات ئەوە بێگومان لەو شوێنە نامێنێ و سەرکەوتوو نابێت لە کۆنفڕانس.''
قائید میرۆ




