حوسێن کەلاری: بڕیاری بەزۆر لەسەر ئاوارەکان قبووڵ ناکەین

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ھاوبەشی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد، ھێشتا زیاتر لە ٦٦٤ ھەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق لە ھەرێمی کوردستان ماون و دەشڵێ، بڕیاری بەزۆر لەسەر ئاوارەکان بۆ ناردنەوەیان قبووڵ ناکەین.
حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ھێشتا زیاتر لە ٦٦٤ ھەزار و 900 ئاوارەی ناوخۆیی ماون و ئەوانە بەشیکیان لەنێو کەمپەکان نیشتەجێن و بەشێکی دیکەیان لە دەرەوەی کەمپەکانن، لەوانەش ٧٠%یان لە دەرەوەی کەمپەکانن و تەنیا ٣٠%یان لەناو کەمپەکان نیشتەجێن.''
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان گوتیشی: "حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەو ئاوارانەی نەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان خۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت، بەڵام بڕیارەکە تەنیا بۆ ئاوارەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانە، چونکە ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان ڕازی نابین بڕیارێک وەھا بەزۆری بسەپێندرێت و ئاوارەیەک ئامادە نییە ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە لەو ناوچانەی لێوەی ھاتووە بۆ وەرگرتنی خۆراک، ئاوارەیەکیش نەگەڕێتەوە نابێت بەزۆر لەسەری بکرێت بۆ گەڕانەوە.''
حوسێن کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئاوارەکانی عێراق ھەرچەندە بودجەیان لەسەر عێراقە و بۆ ناوچەکانیان دەچێت، بەڵام ئاوارەکان لە ھەموو خزمەتگوزارییەکانی ژیان لە ھەرێمی کوردستان سوودمەندن، لەبەر ئەوەیش ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتای تێکچوونی ڕەوشی عێراقەوە بەتایبەتی دوای شەڕی داعش تا ئێستا ھاوکار بووە لەگەڵ ئاوارەکان.''
قائید میرۆ




