پەرلەمان میوانداریی وەزیرانی پێشمەرگە و دارایی و ناوخۆ دهكات

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە هێزی پێشمەرگە، میوانداریی سێ وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەعید هەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "وەکو لیژنەی پێشمەرگە، میوانداریی سێ وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە ئەوانیش وەزیری پێشمەرگە و وەزیری دارایی و وەزیری ناوخۆن".
هەرکی گوتیشی: "مەبەست لە هاتنی وەزیری پێشمەرگە و دارایی، لەبارەی خانەنشینیی هێزی پێشمەرگەیە، کە هەر فەرمانبەرێک خانەنشین دەبێت، پاداشت دەکرێت بە شەش مووچە، بەڵام بۆ پێشمەرگە نییە، کە پێشمەرگەش شایستەیه ئەو پاداشتەی پێ بدرێت، بۆیە پێویستە ئەو پاداشتەیان پێ بدرێت".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "هاتنی وەزیری ناوخۆش سەبارەت بە چەند پرسێکی پەیوەست بە هێزەکانی زێرەڤانییە لەبارەی دەوام و هەندێک پابەندکردنیان بە دەوامەوە، چونکە دەوامی بەشێکیان زۆرە و دەمانەوێت هۆکارەکەمان بۆ ڕوون بکرێتەوە و چاسەرەسەری ئەو پرسە بکرێت".
دەشڵێ، بڕیارە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا میوانداریی هەرسێ وەزیر بکرێت بۆ لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان.
بڵند ئیبراهیم




