٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێبەر ئەحمەد داوای له‌ سوودانی كرد ئه‌و ئەجێندایەی لەسەری رێکەوتوون جێبەجێیبکات

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای لە محەممەد شیاع سوودانی کرد وەک عێراقییەک بیربکاتەوە و پابەندی رێكکەوتنی نێوان لایەنەکان بێت. 

رێبەر ئەحمەد لە پانێڵی (داهاتووی عێراق) لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆك لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقەوە رایگەیاند، ئێمە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکەین کە لەسەری رێککەوتووین.

رێبەر ئەحمەد بڕوای وایە، ئەگەر سوودانی هەوڵبدات وەک عێراقییەک بیربکاتەوە و ئەو ئەجێندایەی کە لەسەری رێکەوتوون جێبەجێیبکات، دەبێتە سەرکەوتووترین سەرۆکوەزیرانی عێراق.

لەبارەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی عێراق، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی نوێی عێراق دەبێت لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێکدا، دەستبکات بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ هاووڵاتیان، ئەو خزمەتگوزاریانەی خەڵکی عێراق لێی بێبەش بوون و شایەنی ئەوەن پێشکەشیان بکرێت.

سەبارەت بە ئیدارەدانی سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکان لە عێراق، رێبەر ئەحمەد باسی لەوەکرد، تەنیا شتێک کە لە عێراق بوونی نییە، ئیدارەدانی سەرکەوتووە، ئەگەر نا هەموو شتێکی دیکە لە عێراق بوونی هەیە.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجێکی دیکەی ئەم حکوومەتە، دەبێت تێپەڕاندنی چەند یاسایەک و داڕشتنی ژمارەیەک پرۆژەیاسا بێت، کە لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون، لەوانە ئامادەسازی بۆ گۆڕانکاری لە پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی گشتی و زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە، لەهەمانکاتدا پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان نەک لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵکو لە ناوخۆیی عێراقیشدا، چونکە تا ئێستا عێراق یاسایەکی نییە بەناوی نەوت و غاز، ئەوەی هەیە یاسایەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو، ئێستاش سیستەمی حوکمڕانی عێراق لە سیستەمێکی مەرکەزییەوە گۆڕاوە بۆ سیستەمێکی فیدراڵی، بەڵام تا ئێستا کار بە یاسا کۆنەکە دەکرێت و لە چوارچێوەی یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکرێت.

رێبەر ئەحمەد هیواخوازە، حکوومەتی نوێ راستگۆبێت و بەڵێنەکانی جێبەجێبکات، گوتیشی "ئێمە دەبێت پشتگیری لە سوودانی بکەین، چونکە ئەو هیچ رق و کینەیەکی بەرامبەر بە عێراقییەکان و هەرێمی کوردستان نییە".

سەبارەت بە خاڵی لاوازی حکوومەتی نوێی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیران خاوەنی کوتلەیەکی سیاسی بەهێز نییە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمەش خاڵی لاوازی حکوومەتەکەیەتی و ئاڵنگارییەکی گەورەیە کە رووبەڕووی سەرۆکوەزیران دەبێتەوە، لەبەرئەوەی لە عێراق رێگەنادرێت لایەنی براوە حکوومەت پێکبهێنێت، بۆیە پەنا دەبەین بۆ کەسێک کە لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێکبکەون بۆ راپەڕاندنی ئیش و کارەکان.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار