بەڕێوەبەری باج بۆ KDP: ئەوەی باج نەدات دەیدەینە دادگا

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری باج لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە رێگەی ئەنجامدانی چاکسازییەوە لە بواری باجدان هەنگاوی باش نراوە و داهاتی باج بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، چوارقات زیاد بووە.
دکتۆر کەمال وەرتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری زۆر باشیان ئەنجام داوە، بۆ ئەوەی ئەوانەی باجیان نەدەدا بە تایبەت کۆمپانیا گەورەکان، باج بدەن، بۆیە ئێستا زیاتر کار دەکەن بۆ ئەوەی باج لە کۆمپانیا گەورەکان وەربگرن، کە داهاتیان زۆرە.
وەرتی گوتیشی، ئێستا چاوپۆشی لە هیچ کەس و کۆمپانیایەک ناکرێت خۆی لە باجدان بدۆزیتەوە، بۆیە ئەوەی باج نەدات ئێمە دەیدەینە دادگا و ئەو کارەشمان کردووە، هەر ئەمەش وای کردووە ئێستا داهاتی باج زیاد بێت، بە جۆرێک داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو چوارقات زیادی کردووە.
دەشڵێ، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی باجەوە داهات لە هەرێمی کوردستان زیاد بێت، چونکە ناکرێت هیچ کۆمپانیایەک خۆی لە باجدان بدزێتەوە و ئەوەی ئەو کارە بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینە بەر.
بڵند ئیبراهیم




