سەرۆککۆماری عێراق: هیوادارم وانە لە قۆناغی رابردوومان وەربگرین

دهۆك-KDP.info- دكتۆر لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک رایگەیاند، دەبێت بەپێی دەستوور کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربکرێن تاوەکو کەس گلەیی نەبێت.
دكتۆر لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە سێیەم کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له دهۆك گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "هیوادارم وانە لە قۆناغی رابردوومان وەربگرین و هەموو کێشەکانی عێراق بە دیالۆگ و هاوکاری چارەسەری بکەین".
گوتیشی: "ماوەی سێ ساڵە عێراق نەیتوانیووە بودجە بە باشی خەرج بکات، هەروەها نەشتیوانیوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
سەرۆککۆماری عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش کاری لە پێشینەی حکوومەتی عێراقه، هەروەها جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە هەموو ناوچەکانی عێراق.
دەشڵێت: "یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کە دەبێ هەموو لایەک هەوڵی بۆ بدەین، دروستکردنی شەراکەتی راستەقینەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە هەن لە عێراقدا".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دكتۆر لەتیف رەشید، گوتی: "ئەگەر کێشە هەبێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، دەبێ بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێت، نەبوونی یاسای نەوت و غاز یەکێکە لە کێشەکان، هیوادارین پەلە بکرێت بۆ ئەوەی یاسای نەوت و غاز لە عێراق هەبێت".
ڕامان وریا




