٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ئیدریس ھادی: دوای کۆنگرە ڕێکخستنەکانی پارتی باشتر دەبن

سەرچاوە: KDP.info

لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستانه وێبینارێکی بۆ د. ئیدریس ھادی، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی ١٤ی پارتی ساز دا و تێیدا سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە تیشکی خستە سەر پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی کۆنفرانسەکانی نێوخۆی پارتی و دەشڵێت، دوای کۆنگرە ڕێکخستنەکانی پارتی باشتر دەبن.

لە سەرەتای قسەکانیدا د. ئیدریس ھادی، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی ١٤ی پارتی گوتی: "سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەم بۆ دەستنیشانکردنی من وەکوو سەرۆکی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی ١٤ و زۆر سوپاس بۆ ئەو متمانەیە، ئیمە ١٩ ئەندام بووین لە لێژنەی ئامادەکار و دوو ئەندامی دیکەش زیاد کرا، یەکێکان لە ئەورووپا و ئەوی دیکەیان لە ئەمەریکا و بەوەش بووین بە ٢١ ئەندام، یەکەم کۆبوونەوەمان لە ١٩/٦/٢٠٢٢ لەگەڵ جەنابی سەرۆک ئەنجامدا، وە دواتر چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەشمان ئەنجامدا لەگەڵ مەکتەبی سیاسی لە ١٩/٦/٢٠٢٢ تاکو کۆتایی پرۆسەکە ھەشت کۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆک بوو، ھەڵبژاردنەکانی کۆنگرە ئاسان نەبوو، چونکە سەراتاسەری کوردستان بوو ھەر لە زاخۆوە تا خانقین و ناوچە دابراوەکانە و بەغدا و ئەورووپا و ئەمەریکا، ئەم ناوچانە ھەمووی ھەڵبژاردنی تێدا کراوە، ئیمە نزیکەی ١٩٠ بازنەی ھەڵبژاردنمان ھەبوو، بەڵام ھەندێ ئاسانکاریمان کرد و ھەندێ بازنەمان کەم کردوەوە، لە کوردستان لەسەر ئاستی ٢٤ لقی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژاردن کرا، پێنج لێژنەمان پیک ھێنا؛ ھەولێر، سلیمانی، دھوک، کەرکووک و مووسڵ، ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەبوو کێشەی زۆری بۆ دروست کردین، بەڵام توانیمان سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکەین.''

سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی ١٤ی پارتی دەشڵێت: "ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی زۆر دیموکراسی و شەفاف بەڕێوە چوون لە ھەموو ناوچەکان، ژمارەی بەشداربووانی کۆنگرە گەیشتە ١٠٥٦ ئەندام و یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی جەنابی سەرۆک ئەوە بوو کە کەس بۆی نییە دەستوەردان بکات لە کاری لێژنەی ئامادەکار، بۆ ئێمە شانازییەکی گەورە بوو، چونکە پرۆسەکە بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆک بارزانی بوو.''

د. ئیدریس ھادی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەڤاڵانی لێژنەی ئامادەکار وەکوو سەربازی ون ئەرکەکانیان جێبەجێ کرد، ڕێژەی ئافرەتان گەیشتە ئەو ئاستەی کە دیاری کرابوو لە سەدا ٢٥، ھیوادارین بە سەرۆکایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی پارتی دەستکەوتی زیاتر بەدەست بھێنێت. ئەم وێبینارە دەبووایە پێش کۆنگرە بکرابایە بۆ ئەوەی سوودی زیاتر لە بۆجوون و پێشنیارەکان وەربگرین، دوای کۆنگرە ڕێکخستنەکانی پارتی باشتر دەبن، سوپاس بۆ ڕەوەندی کوردی کە ڕۆڵێکی باشیان گێڕا و ھیوادارین ھەردەم بەردەوام بێت و پێکەوە لەگەڵ ناوەوەی کوردستان ھاوکاریی زیاتر بکەن، جەنابی سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پارتی دەبێت بگەڕێتەوە ئەسڵەکەی خۆی.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار