بەگوژمەی دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار پڕۆژە لە سنووری شێخان جێبەجێ دەکرێن

شێخان-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکچی سەر بەقەزای شێخان گوتی، بە گوژمەی دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار رێگای ھەشت گوند و کۆمەلێک رێگای ناوخۆیی کەلەکچی دروست دەکرێن، کە دروستکردنی رێگا ناوخۆییەکان کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ھەڤال محەمەد شەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکچی سەر بەقەزای شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوودجەی بۆ دابین کردووین بۆ دروستکردنی رێگای ناوخۆیی و رێگای ھەشت گوند، کە ملیارێک و ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی ٥ کم رێگای ناوخۆیی و رێگای ھەشت گوندیش بە گوژمەی ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دینار دروست دەکرێن".
بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکچی گوتیشی: "دەست بەدروستکردنی رێگا ناوخۆییەکان کراوە و لە رۆژانی داھاتووش دروستکردنی رێگای گوندەکانیش دەستپێدەکات، کە ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە و خزمەتێکی باشی ناوچەکە دەکات، چونکە ئەو گوندانە پێویستیان بەچاککردن و دروستکردنی رێگاکان ھەیە".
بڵند ئیبراھیم




