د. یاسین ساڵح: چوار ھەزار قوتابیی ھەرێم لە ئێرانن و چاودێرییان دەکەین

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، نزیکەی چوار ھەزار قوتابیی ھەرێمی کوردستان لە ئێرانن و دەشڵێت، چاودێریی ڕەوشی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەکەین و لە کاتی پێویست بڕیار لەبارەی چارەنووسی قوتابییان دەدەین.
د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سێ ھەزار قوتابیی ھەرێمی کوردستان بۆ خوێندن لە وڵاتی ئێرانن و لە ڕێگەی وەزارەتەوە چوونەتە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بۆ درێژەدان بە خوێندن، واتە ئەو سێ ھەزار قوتابییە مەلەفیان لە وەزارەت ھەیە و لە ڕێگەی وەزارەتەوە چوونەتە ئێران، بەڵام ژمارەیەکی دیکەش قوتابی ھەن، خۆیان چوونەتە ئێران بۆ خوێندن و بەوانەی تۆمار کراون لە وەزارەت و ئەوانەشی بۆ خۆیان چوونە چوار ھەزار قوتابی دەبێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراون و ڕۆشنبیری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشڵێت: "تا ئێستا خوێندن لە زانکۆکانی ئێران بەردەوامە و خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی ئێران ھێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ئەوەی خوێندن پەکی بکەوێت، ئێمەیش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەردەوام چاودێریی ڕەوشی قوتابییانی ھەرێمی کوردستان دەکەین لە ئێران.''
د. یاسین ساڵح ڕوونی کردەوە: "جگە لەو قوتابییەی ڕۆژانی ڕابردوو کوژرا لە ئێران ھیچ حاڵەتێکی دیکەی ھێرشکردنە سەر قوتابییانی ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، ئەوەیش کوژراوە بەداخەوە تاوانێکی دڕندانە بووە پەیوەندیی بە خۆپێشاندانەوە نەبووە، بەڵکوو تاوانباران بۆ لێوەرگرتنی مۆبایل قوتابییەکەیان کوشتووە، نەک خۆپێشاندەران.''
لەبارەی چارەنووسی قوتابییانەوە د. یاسین ساڵح گوتی: "ئێمە چاودێریی ڕەوشی ئێران دەکەین، ئەگەر گەیشتە ئاستێک ژیانی قوتابییانمان بکەوێتە مەترسییەوە، یان خوێندن ڕاگیراوە، ئەوکات ئێمە پێداچوونەوە بە بڕیاری خۆمان دەکەین، ئەوەیش بە مانای ئەوە نایەت دەگەڕێنەوە، بەڵکوو لەوانەیە بۆ ماوەیەک خوێندن ڕابگرین، گرینگ ئێمە چاودێرین لەسەر ڕەوشەکە و بەپێی ڕەوشەکەش بڕیار لەبارەی چارەنووسی قوتابییانی ھەرێم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەین.''
قائید میرۆ




