زێباری: گەر ڕێککەوتن بکرێت دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی دەبێتەوە

هەولێر-KDP.info- راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە هۆی نەبوونی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان و هەبوونی داعش و حەشدی شەعبی، دۆخی ئەو ناوچانە خراپە و بەردەوام کردەوەی لێ ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەگەر ئەو ناوچانە بە هاوبەشی بەڕێوە ببردرێن و رێککەوتن بکرێت، دۆخیان ئاسایی دەبێتەوە.
بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، رێژەی کورد لە سوپای عێراقدا زۆر کەمە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە داعش هات و بەشێکی ناوچە کوردستانییەکان کەوتنە ژێر دەستی و دواتر تا 16ی ئۆکتۆبەر هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانەی ئازاد کرد، داعش لەوێ بوو، بۆیە ئەمەش وای کردووە کە هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەبێت و دۆخەکە خراپ بێت و داعشیش جموجۆڵی هەبێت، لەبەر ئەوە گرنگە دووبارە ئەو ناوچانە بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن.
زێباری گوتیشی: "ئێستا کە حکوومەتی نوێ دروست کراوە، گرنگە گفتوگۆ بکرێت لەبارەی ئەو ناوچانەوە، بە تایبەت لەبارەی ماددەی 140، چونکە ئەو ناوچانە داعشی و حەشدیان لێیە و کێشە لە نێوان پێکهاتەکاندا هەیە، بۆیە گەر ماددەی 140جێبەجێ بکرێت، کێشەکان هەموویان چارەسەر دەبن.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان حکوومەتی نوێی عێراق و هەرێم هەیە و هەرێمی کوردستان ئامادەیە لەسەر هەموو پرسەکان گفتوگۆ بکەن و چارەسەری کێشەکان بکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەگەر تەمەنی ئەو حکوومەتە زۆر بێت، دەتوانن لەبارەی کێشەکان بگەنە رێککەوتن، چونکە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان باش نییە و بەردەوام کردەوەی لێ ئەنجام دەدرێت، بۆیە گرنگە رێکخستن و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی دۆخی ناوچە کوردستانیەکان ئاسایی بکرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم




