"حەوت ساڵ بەسەر ئازادکردنی شنگالدا تێدەپەڕێت"

شنگال -KDP.info- بەر لە حەوت ساڵ بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی سەنتەری قەزای شنگال ئازاد کرا و بەرپرسێکی قەزاکەش دەڵێت، سەرۆک بارزانی ھەمیشە لە ھەوڵدا بووە تا شنگال ڕزگار بکرێت و بەڵێنەکەیشی بردە سەر.
ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ٢٠١٥ بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەڕاسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالی ئەنجام دا و بە ھیمەتی پێشمەرگە و سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی توانرا سەنتەری قەزای شنگال لە تیرۆریستانی داعش پاک بکرێتەوە و ئازاد بکرێت.''
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "لە قۆناغی یەکەمدا ئۆپەڕاسیۆنی پێشمەرگە توانیی ناحیەی سنونێ و چیای شنگال لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ ئازاد بکرێت، بەوەیش توانرا ئەو ئابلۆقەیەی خرابووە سەر خەڵکی شنگال بشکێندرێت.''
ئاشتی کۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەداخەوە تیرۆریستانی داعش لە کاتی داگیرکردنی شنگال بە ھەزار ھاووڵاتیی کوردی ئێزدییان ڕفاند و بەشێکی زۆریشیان شەھید کردن، سەرۆک بارزانی دوای کارەساتی شنگال خۆی بەردەوام لەسەر خەت بوو بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوان و ئازادکردنی خاکی شنگال لە دەست تیرۆریستانی داعش و، ڕۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکانیش بەرز دەنرخێنین لە ئازادکردنی شنگالدا، دەیان پێشمەرگە و ئەفسەری لێھاتوو گیانی خۆیان بۆ ڕزگاکردنی شنگال کردە قوربانی.''
قائید میرۆ




