٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی عەونی: دامەزراندنی ئەنجوومەنی رێکخستن بۆ دھۆک پێویستە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاشکرای کرد، پارێزگای دھۆک لە رووی حزبییەوە پێویستی بە ئەنجوومەنی رێکخستن ھەیە و دەشڵێ، دامەزراندنی ئەنجوومەنی رێکخستن بۆ لقەکانی دھۆک، کارئاسانیمان بۆ دەکات.

عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەزموونی کارکردنمان، ھەبوونی ئەنجوومەنی رێکخستن بۆ پارێزگاکان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ھەنگاوێکی گرینگە، دامەزاندن و پێکھێنانی ئەنجوومەنێک بۆ پارێزگای دھۆک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لقانەی دەکەونە سنووری دھۆک، کارئاسانی بۆ کاروباری حزبی دەکات، من خۆم کارم کردووە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و ھەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ کاروباری حزبی، ھاوکارییەکی زۆری رێکخستنەکانمان دەکات".

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەشڵێت: "مەکتەبی سیاسی بەردەوام خەریکی زۆر کارە و زۆر جار پێڕاناگات بۆ جێبەجێکردنی ھەموو کارێک، ھەبوونی بنکەیەکی حزبی لە ھەر پارێزگایەک، بە تایبەتی بۆ پارێزگایەکی وەک دھۆک، ھەم رێگاکە نزیک دەکاتەوە و ھەمیش کاروبارەکانی حزب لەوێ رایی دەکرێن".

عەلی عەونی روونیشی کردەوە: "دامەزراندنی ئەنجوومەنی رێکخستن بۆ پارێزگای دھۆک کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر کاروباری پارتایەتیی ئێمە، بەڵام کەی دادەمەزرێت و پێکھاتەکەی چۆن دەبێت، ئەوە پەیوەستە بە مەکتەبی سیاسیی پارتیمانەوە و ئەوان بڕیاری لێوە دەدەن، بەڵام بە بۆچوونی من دامەزراندنی ئەنجوومەنی رێکخستن بۆ دھۆک پێویستە".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار