د. ڕەھێل فەرەیدون: لیستی نیشتمانیی دەرمان ئامادە دەکرێت

هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەریکی ئامادەکردنی لیستێکی نیشتمانی دەرمانە و بەرەو تەواوبوون دەچێت و دەشڵێت، ھەموو دەرمانێکی ناو لیستەکە ڕێپێدراوە و بەفەرمی دێتە ناو ھەرێمی کوردستان.
د. ڕەھێل فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیستی نیشتمانیی دەرمان نزیکەی ساڵێکە کوالێتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان خەریکی ئامادەکردنی ئەو لیستەیە، ڕێژەیەکی زۆری دەرمان لەناو لیستەکەدایە ئەو دەرمانانەی دێنە ناو ھەرێمی کوردستان، لیستەکە ھێشتا کۆتایی نەھاتووە، بەڵام خەریکە بەرەو کۆتایی دەچێت، ھەوڵی زۆر ھەیە لە کڕین و ھەڵگرتنی دەرمان و ڕەوشی دەرمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشتر دەچێت.''
بریکاری وەزارەتی تەندروستی گوتیشی: "هەموومان لە کارکردن لە کەرتی دەرمان بەرپرسیارین، چونکە ئەوەی ڕوو دەدات لەنێو بازاڕی ھەرێمی کوردستاندا تەنیا ئەرکی وەزارەتی تەندروستی نییە، بەپێچەوانەوە پێویستی بە ھاوکاریی ھەموو لایەک ھەیە، پێویستە ھەمووان ھاوکار بن بۆ ئەوەی کەرتی دەرمان ڕێک بخرێتەوە.''
د. ڕەھێل فەرەیدون ڕوونیشی کردەوە: "لیستی نیشتمانی بۆ ئەوەیە دڵنەوایی بە ھاووڵاتییان بدرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بن ھەموو ئەو دەرمانانەی لەنێو لیستەکەدا ھەن ڕێپێدراون و سەرچاوەیان دیارە، واتە ھەر دەرمانێک لەنێو لیستی نیشتمانیی دەرماندا ھەبێت، مانای ئەوەیە بەفەرمی ھاتووە و ڕێپێدراوە.''
قائید میرۆ




