مهسروور بارزانی: هیوادارم قوتابییهكان ببنه سهركردهی داهاتوو

هەولێر-KDP.info- به ئامادهبوونی مهسروور بارزانی، رێوڕهسمی پرۆگرامی سکۆلەرشیپی هاوبەشی کۆمپانیای گەنەڵ ئینەرجی و زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە شاری هەولێر بهڕێوه دهچێت.
ئهمڕۆ پێنجشهممه، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی پرۆگرامی سکۆلەرشیپی هاوبەشی کۆمپانیای گەنەڵ ئینەرجی و زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، له میانهی رێوڕهسمهكهدا مهسروور بارزانی وتارێكی گرنگی پێشكهش كرد كه ئهمه دهقهكهیهتی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئامادەبوانی هێژا
كەسوكاری قوتابیانی خۆشەویست - قوتابیانی زێدە ئازیز
بەیانیتان باش، خۆشحاڵم كە هەموو لێرە جارێكیتر بەیەكەوە بەیەك دەگەین بۆ بۆنەیەكی گرنگ لە بواری خوێندندا كە ئەویش دابینكردنی خوێندنی بێ بەرامبەرە واتە زەمالە بۆ ٢٠ قوتابیی خۆشەویست لە لایەن كۆمپانیای گەنەل ئینێرجییەوە، لێرەوە من سوپاسی گەنەل ئینێرجی دەكەم بۆ دابینكردنی ئەو دەرفەتە بۆ ئەو قوتابییە بەهرەدارانەی كە قۆناغێكی نوێ لە خوێندن دەست پێدەكەن و ئومێدم وایە لە دوارۆژدا ببن بە سەركردەی كاریگەر و كەسێكی گرنگ لە كۆمەڵگەكەمان.
دوای چەند ساڵێكیتر ئیشەڵا لە تەخەروجی ئێوە لە زانكۆش هیوادارم لەگەڵ یەك بین و دوای ئەوەش بتانبینین جێگەی دەستتان دیاربێت و لە كۆمەڵگەی خۆتان بتوانن كۆمەك و هاوكاریی زیاتری خەڵك و وڵاتەكەی خۆتان بكەن. هیوادارم كۆمپانیاكانی تریش چاو لە گەنەل ئینێرجی بكەن بۆ ئەوەی ئەم جۆرە دەرفەتە بۆ قوتابیانی ئێمە فەراهەم بكەن تاوەكوو خەڵكێكی زیاتر سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت.
خۆشحاڵم كە دەبینم زانكۆی ئەمریكی زۆر قوتابی وەردەگرێت و بووەتە شوێنێك كە زۆر لەو قوتابیانەی چاویان لە خوێندنێكی كوالێتیی بەرزە، ڕوو لە زانكۆی ئەمریكی كوردستان لە دهۆك دەكەن. دەتوانم بڵێم 65%ی ئەو قوتابیانەی لەم زانكۆیە دەخوێنن، لەوانەن كە لەلایەن كۆمپانیاكانی وەك گەنەل ئینێرجی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە یارمەتی دەدرێن و بەبێ بەرامبەر دەخوێنن. جارێكیتر سوپاستان دەكەم.




