٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

كاتێك كۆتایی بە شەڕ هات كورد و تورك چی دەكەن؟

سەرچاوە: KDP.info

ئەیووب جان

كاتێك كە كۆتایی بە شەڕ بێت كورد و تورك چی دەكەن؟ رەنگە پرسێكی سادە و ساكار بێت بەڵام زۆر زۆر گرنگە و كاریگەرە. من ئەم پرسەم چەند رۆژ بەر لە ئێستا لە چەند هاورێیەكی خۆم پرسی و لە وەڵامی مندا وتیان" ئەو كاتە نەتەنیا لە ئانادۆڵ و سەرانسەری توركیا بەڵكو لە بنارەكانی چیای جوودیدا هەر كەس مێزەكانی رێز دەكات و دەست بە یاری و سەفرە دەكەكات.

وا بزانم حەفتەی پێشوو بوو كە یەكێك لە پەیامنێرەكانی ئاژانسی دۆغان وێنەیەكی لە بنارەكانی چیای جوودی لەگەڵ هەواڵێك بڵاو كردبوویەوە. ئەم هەواڵە لە راستیدا زۆر زۆر گرنگ بوو بەڵام لە نێو لاپەڕەی رۆژنامە و میدیاكانی توركیادا بزر بوو و هیچ كەس هەستی بە گرنگی ئەم هەواڵ و ئەم وێنەیە نەكرد. وێنەی ناوبراو وێنەی چەند دانیشتووی یەكێك لە گوندەكانی بناری چیای جوودییە كە سەردانی ئەو ناوچەیەیان كردبوو و لە بنارێكدا بۆ خۆیان مێزیان رازاندبوویەوە و لە لایەكەوە یاری ئوكەیان دەكرد و لە لایەكی دیكەیشەوە كەبابیان دەبرێشت بۆ خۆیان. پەیامنێری ئاژانسی دۆغان بە شێوەیەكی دیكە باسی مەسەلەكەی كردبوو و ئاماژەی بەوە دابوو كە جوودی سەیرانگای داهاتووی توركیایە. بەڵام من كە سەیری ئەم وێنەیەم كرد راستییەكی یەكجار گرنگ و شاراوەم بۆ دەركەوت.

جوودی و بنارەكانی جوودی لە ماوەی شەڕی چەكداریدا یەكێكە لەو ناوچانەی كە رووبەرووی زۆرترین زەرەر و زیان بووەتەوە. گوندەكانی هەر هەمووی چۆڵ كراون و رۆژ نەبوو كە مینێك، بۆمبەیەك لەو ناوچانەدا نەتەقێتەوە و هەواڵی كۆشتن و بریندار بوونی چەند كەسێكمان پێ نەگات.

جوودی ناوچەیەكە كە لە توركیا بە ناوەندی شەڕ و پێكدادان ناسراوە و ئەو كەسانەی كە راستی جوودی و ناوچەكە نەزانن و هەست بە رەوتی رووداوەكانی رابردوود نەكەن بە هیچ شێوەیەك ناتوانن لە راستی جوودی تێبگەن.

چیای جوودی و بنارەكانی چەندین ساڵ لە لایەن سوپای توركیاوە وەكو ناوچەی سووری سەربازی راگەیندرا بوو و هەر جۆرە هاتووچۆی خەڵكی مەدەنی بۆ ئەم ناوچەیە قەدەغە كرابوو. بێگۆمان ئەم شتانە لە سەردەمی شەڕ و گەرماوگەرمەی شەڕدا روویان داوە. بەڵام بە راستی ئێستا جوودی و بنارەكانی جوودی خاوەن كەش و هەواو بارودۆخێكی دیكەن.

كاتێگ كە من وێنەی چیای جوودی ئەو وێنەیە كە لە لایەن ئاژانسی دۆغانەوە بینی هەر زۆر وەڵامی ئەو پرسەم بۆ هات كە " ئەگەر كۆتایی بە شەڕ بێت كورد و تورك چی دەكەن؟ من لە وەلامدا وتم" كورد و تورك پێكەوە دەچنە جوودی و سەیران دەكەن. رەنگە بۆ هەندێك كەس و لایەن ئەمە وەڵامێكی سادە و بێ واتا بێت بەڵام بە راستی باشترین و كاریگەرترین وەڵام بۆ ئەم پرسەیە.

چوونكە ناوچەكانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ جەنەتێكی شاراوەی توركیان و بە هۆی شەڕی چەند ساڵەوە هەستێكی نەخۆش لە نێو رای گشتی توركیا لە بەرامبەر ئەم ناوچانەدا دروست بووە، بەڵام راستییەكە بەمجۆرە نییە. كە باسی جوودی دەكرێت كۆمەڵگەی توركی چاوەڕوانی هەواڵی كۆژرانی سەرباز یا میلیتانەكانی پەكەكە دەكات، بەڵام وادیارە بە پێ ئەو وێنەیە كە بڵاو كراوەتەوە كۆتایی بەو سەردەم و بەو قۆناخە هاتووە و لەمەوبەدواوە جوودی وەكو سەیرانگایەكی بەناوودەنگی توركیا جێگای خۆی لە نێو رای گشتی توركیادا دەكاتەوە و نەتەنیا كورد و تورك بەڵكو گەشتیارە بیانییەكانیش دەچنە جوودی و سەیرانی خۆیان دەكەن.

كرانەوەی چیای جوودی بە رووی هاووڵاتییان و گەشتیارەكاندا نیشانەی شتی زۆر باش و گرنگە تا سێ مانگ لەمەولەر كەس نەیدەتوانی یا نەدەوێرا سەردانی ئەم چیایە بكات، بەڵام كە باسی بێدەنگ كردنی چەكەكان و ئاگربەست و چارەسەری پرسی كورد دووبارە دەستی پێكردەوە، چیای جوودیش دەرگاكانی خۆی بە رووی مرۆڤەكاندا كردەوە و ئەویش بێزار بوونی خۆی لە شەڕ و ئامادە بوونی خۆی بۆ پێكەوە ژیان و ئاشتی دەربڕی.

ئەوانە كە نایانەوێ كۆتایی بە شەڕ بێت با تەنیا جارێك سەردانی جوودی و بنارەكانی جوودی بكەن و بیر لە هەڵوێستی خۆیان بكەنەوە و لە خۆیان بپرسن كە بۆ چی و لە پێناو چیدا ئەوەندە ساڵە ئێمە خۆشیمان لەم سرۆشتە و لەم خەڵكە شاردووتەوە؟

كات كاتی سەركەوتنی جوودییە، جوودی كە سەركەوێت، مانای ئەوەیە كە ناكۆكی و نائارامی لە توركیا نەماوە و باوەشی جوودیش بە هەر هەموومان كراوەتەوە و دەتوانین برۆن و سوود لە سرۆشتی جوانی وڵاتی خۆمان وەربگرین. كە بنارەكانی جوودی خواحافێزییان لە فرۆكە، كۆپتەر و مین و گوللەكان كرد و چی دیكە شاهێدی كۆژرانی سەرباز و ملیتانەكان نەبوو ئەو كاتە توركیا دەبێتە توركیای سەردەم و پێكەوە ژیان و وابزانم ئەمەیش ئاواتی هەر هەمووی ئێمەیە.

سەرچاوە: رادیكاڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار