"حەفتەی داھاتوو پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکاتەوە"

هەولێر -KDP.info- بڕیارە حەفتەی داھاتوو پەرلەمانی کوردستان دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە و ئەندامێکی لیژنەی یاساییش دەڵێ، ژمارەیەک پڕۆژەیاسا ئامادە کراون بۆ نێو کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە حەفتەی داھاتوو پەرلەمانی کوردستان دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە و ئامادەکارییش بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا کراوە تا بخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکانی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان و ببنە یاسا و دەنگیان لەسەر بدرێت.''
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی دەشڵێت: "ڕاپۆرتی کۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای پەروەردە ئامادە کراوە و خوێندنەوەی کۆتایی بۆ دەکرێت و پەسەند دەکرێت، ژمارەیەکی دیکەی پڕۆژەیاسا ئامادە کراون، لەوانەش یاسای کار و ئامادەکاری بۆ پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی شورای ھەرێمی کوردستانیش دەکرێت.''
پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە خەدیجە عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەیاسای بودجە پەیوەندیی بە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە، ئەگەر ئەوان گەیشتنە ڕێککەوتن و پشکی ھەرێمی کوردستان دیاری کرا، ئەوە پێویستە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم ئامادەکاری بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکات و ئێمەیش وەک پەرلەمان ڕێکارە یاسایییەکان دەگرینە بەر.''
قائید میرۆ




