"کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە"

بەغدا -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، گەیشتوونە ئەنجامێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل و دەشڵێت، لە زاخۆ تا فاو نرخی کارتی مۆبایل کەم دەکرێتەوە.
ئیبراھیم میرانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری زیادکردنی نرخی کارتی مۆبایل لە کاتی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی دەرکرا، ئەوەیش بارگرانیی لەسەر ھاووڵاتییانی عێراق دروست کردووە، لەبەر ئەوە ئێمە وەک لیژنەی گەیاندن دوو جار لەسەر ئەو پرسە کۆبوونەوەمان کردووە، تا ئالیەتێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ئەو نرخە زیادەی خراوەتە سەر کارتی مۆبایل لابەرین.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی گەیاندن دەشڵێت: "لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن و دەستەی باڵای گەیاندنی عێراق و وەزارەت کۆبوونەوەمان کردووە و بڕیار دراوە بە ھەموو لایەک ھاوکار بن بۆ ئەوەی نرخی کارتی مۆبایل کەم بکرێتەوە، ئەویش بە شێوەیەک ھەریەک لەو سێ دەزگایەی سەرەوە بەشێکی لا دەبەن بۆ کەمکردنەوەی نرخەکە.''
ئیبراھی میرانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل ھەموو عێراق دەگرێتەوە بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە کۆمپانیاکانی گەیاندن مەرکەزین و سەر بە دەستەی باڵای گەیاندنی عێراقن و مۆڵەت لەوێ وەردەگرن و باج بە عێراق دەدەن، لەبەر ئەوەیش چەند ھاوکارییان بکرێت لە بەغداوە کاریگەریی لەسەر ھەموو عێراق دەبێت.''
قائید میرۆ




