٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڵند ئیسماعیل: کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بڕیارە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە ببات و ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندییش دەڵێت: ''کۆبوونەوەکە دەکەوێتە سەرەتای حەفتەی داھاتوو، مەکتەبی سیاسییش ھەڵدەبژێرین.''

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای کۆتاییھاتنی کۆنگرە کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە دەبات و بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و جێگران و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، کۆبوونەوەکە ھەم بۆ پیرۆزبایی و ھەم دەستپێکردنی کارەکانی کۆمیتەی ناوەندیی نوێی پارتی و هەم ھەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە.''

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گۆتیشی: "کاتی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکەم سەرەتای حەفتەی داھاتوو کۆبوونەوەکە بکرێت، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەم جارە لە ١٥ تا ١٧ کەس پێک دێت.''

لەبارەی گۆڕانکاریی مەکتەبەکانی پارتی، بڵند ئیسماعیل ڕوونی کردەوە: "تازە ئێمە لە کۆنگرە تەواو بووین و بە کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی ناوەندی ھەموو بابەتەکان یەکلا ناکرێنەوە، وردەکاریی گۆڕانکارییەکانی دوای کۆنگرە بە چەند قۆناغێک دەبێت، لەوانەیە مەکتەبی سیاسی بە ئێمە بڵێت دەسەڵاتمان بدەنێ بۆ ھەندێ گۆڕانکاری، واتە ئەوەی لە کۆنگرە بڕیاری لەسەر دراوە ھەمووی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام وەک ئاماژەم بۆ کرد بە چەند قۆناغێک دەبێت.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار