٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی پارتی سەربەستی کوردستان پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستی کوردستان، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەھەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.

بەڕێز جەنابی سەرۆک کاک مەسعود بارزانی
لەگەڵ سڵاو و حورمەتی بێ پایانمان.

زۆر خۆشحاڵ بووین بە ئاکامی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی پارتە تێکۆشەرەکەتان، پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەر لەو پێوەندییەشدا بەناوی خۆمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستی کوردستان PSK، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی (١٤)ی پارتە نەتەوەییەکەتان ،و ھەڵبژاردنەوەی جەنابتان بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم و پڕ لە سۆزی نەتەوەیی ،ئاراستەی جەنابتان و گشت بەڕێزانی ھەڵبژێردراوی کۆمیتەی ناوەندی، و ڕێکخستنەکان و گشت جەماوەری پارتە نیشتیمانپەروەرەکەتان دەکەین.

بێگومان ئەوەی تۆزێک تێگەیشتنی بۆ پرسی ھەنووکەیی کوردستان ھەبێت، لەوە تێدەگات کە مانەوەی کەسایەتی دیار و بە ئەزموونی وەک بەڕێزتان لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئەمڕۆییدا، چەندە گرنگە بۆ کوردستان بە گشتی، و باشووری وڵات بە تایبەتی. ھەر بۆیە پێمان وایە یەکێکە لە بڕیارە گرنگ و پڕ واتاکەی کۆنگرەکەتان، ھەڵبژاردنەوەی بەڕێزتان بوو وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان. بەو بڕیارە گرنگە دڵنیایی درایەوە بە گەلەکەمان کەوا مرۆڤێکی بەئەزموون و شارەزایی سیاسەتی کوردستانی و لێزان لە چۆنیەتی سیاسەتکردن لە بەرامبەر نەیارانی کوردستاندا، دیسانەوە سەرۆکایەتی پارتێکی گەورەیی کوردستانی دەکات.
ئێمە وەک پارتی سەربەستی کوردستان، زۆر گەشبینین لەوەی کە بەڕێزتان لە ھەوڵی خەمخۆری بۆ دابینکردنی مافی گشت بەشەکانی دیکەیی کوردستانن، ھیواخوازین کە لەھەنگاوی نوێی تێکۆشانی پاش کۆنگرەکەتان، ھەوڵێکی تۆکمەتر بنێن بۆ یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان بەگشتی، لە چوارچێوەی کۆنگرەیەک یان کۆمکارێکی سەرتاسەری بۆ کوردستان.

ئێمە وەک پارتی سەربەستی کوردستان، بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە پشتیوانی لە گشت پڕۆژە نەتەوەیی و ھەوڵە دڵسۆزەکەتان دەکەین.
لە کۆتاییدا، جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە بەڕێزتان، و گشت ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی دەکەین، ھیواخوازین خوای گەورە تەمەنی بەڕێزتان درێژتر و تەندروستتر بکات، بۆ ئەوەی گەلەکەمان لەم دۆخەی ئێستادا بەتایبەت لە باشووری نیشتیمان، بێگەورەیی پێوە دیار نەبێت.

بە ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر.

لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەمان.
براو ھاوبیری دڵسۆزتان. عارف باوەجانی
سەرۆکی پارتی سەربەستی کوردستان
٢٠٢٢/١١/٧

هەواڵی پەیوەندیدار