٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێکهاتەکان: چەندە پارتی بەهێز بێ پێکهاتەکان پارێزراوترن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info - دوای سەرکەوتنی کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان  بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی، پێکهاتە و ئایینەکانی کوردستان دەڵێن، بە وردی چاودێریی بەڕێوەچوونی کۆنکرەی پارتیمان کرد، سەرکەوتن و بەهێزیی پارتی، زامنی پاراستنی ماف و ئیمتیازاتی ئێمەیە، سەرۆک بارزانی مەرجەعی باڵای هەموو پێکهاتە و ئایینەکانی کوردستانە.

محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کۆنگرەی پارتی و سەرکەوتنی بۆ ئێمە گرنگ بوو، چونکە پارتی، گەورەترین هاوپەیمانە بۆ تورکمانەکان و پارتی گەشەپێدانی تورکمان، سەرۆکایەتی پارتی لە لایەن جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، کە کەسایەتییەکی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و نێودەوڵەتی، بۆ پێکهاتەکان بەتایبەت تورکمان زۆر گرنگە، کە لە پرسە سیاسی و ستراتێژییەکان لەگەڵ هەموو هەڵوێستە ستراتیژییەکانی سەرۆک بارزانین، سەرۆک بارزانی بە تەنها سەرۆکی پارتی نییە، مەرجەعی هەموو خەڵکی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، داکۆکیکاری مافی پێکهاتەکان بووە، لە کوردستان و عێراقیش.

گوتیشی، بە وردی پێکهاتەکان چاودێریی کۆنگرەی 14ـی پارتییان کرد، سەرکەوتنی کۆنگرە، سەرکەوتنی هێزێکی نیشتیمانیی سیاسییە، پارێزگاری لە قەوارەی کوردستان دەکات، پارێزگاری لە بەرژەوەندیی باڵای کوردستان دەکات بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بۆیە سەرکەوتنی کۆنگرە، ئایندەی پێکەوەژیان و زامنی پارێزگارییە لە مافی پێکهاتەکان.

کلارا بەفرو، سەرۆکی فراکسیۆنی کلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، سەرکەوتنی کۆنگرەی پارتی و بەهێزبوونی ئەو حزبە، بۆ مەسیحییەکانی عێراق و کوردستان زۆر گرنگە، چونکە باوەڕی بەهێزیان هەیە بە پارتی، لەسەر ڕێبازی بارزانیی نەمر و شێخ عەبدولسەلام بارزانی، بەڕێوەدەچێت، پارێزەری پێکەوەژیانن و پارێزەری مافی پێکهاتەکانن، لەبەر ئەوە ئێمە لە کوردستان ماوین بڕوامان وایە تاکو پارتی و سەرۆک بارزانی هەبێت، بوونی ئێمە پارێزراوە، کە ڕەشنووسی دەستوووری کوردستانیش نووسرا، سەرۆک بارزانی ڕژد بوو لەسەر مافی نەتەوەیی و ئایینیی مەسیحییەکان بچەسپێندرێت.

ناوبراو دەشڵێ، هەمیشە فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق، پشتیوانیی داواکارییەکانی ئێمەیان کردووە، هەر یاسایەک دێتە دەرچوواندن فراکسیۆنی پارتی پشتیوانمانە لە پاراستنی ماف و ئیمتیازاتەکانمان، بڕوامان وایە ئێستا و داهاتوو پارتی و سەرۆک بارزانی پشتیوانمانن، سەرۆک بارزانی سەمامی ئامانە بۆ هەبوونی مەسیحییەکانی کوردستان، کۆمەڵێک حزب و کەسی توندڕۆ هەن دژی مافەکانی پێکهاتەکان و ئایینەکان بوون، بەڵام پارتی و سەرۆک بارزانی ڕەتیان کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، سەردار ئاغا، سەرۆکی کاکەییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی، ڕاگەیاند، خۆشحاڵین بە سەرکەوتنی کۆنگرەی پارتی، دەستخۆشیشمان لە پارتی هەیە کاکەییەک بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبە، لەوەتی پارتی دامەزراوە هەزاران کاکەیی لە ڕیزەکانی پارتی ڕۆڵی خۆیان بینیوە، بە هۆی بوونی کاکەییەک لە کۆمیتەی ناوەندی، ئاسان دەنگ و داواکاریمان دەگاتە سەرکردایەتیی کورد.

سەردار ئاغا گوتیشی، چەندە پارتی بەهێز بێ، پێکهاتەکان پارێزراوترن، ئێمەی کاکەیی زۆرینەمان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانین، داواش دەکەین لە بەغداش زیاتر پشتیوان و پارێزەری مافەکانمان بن.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار