KDP لە زاری ئەندامانی كۆنگرەوە هەڵسەنگاندن بۆ یەكەم رۆژی كۆنگرە دەكات

دهۆك-KDP.info- ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە زاری ئەندامانی كۆنگرەوە هەڵسەنگاندن بۆ یەكەم رۆژی كارەكانی كۆنگرە دەكات و بەپێی قسە و لێدوانی ئەندامانیش، ئەم كۆنگرەیە جگە لەوەی بە شێوەیەكی جوان و رێكوپێك بەڕێوە چووە، لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك بەرنامە و راسپاردەی گرنگی بۆ داهاتووی كوردستان و ناوچەكەش تێدا دەبێت.
ئەمڕۆ 3ی 11ی 2022 یەكەم رۆژی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای دهۆك بەڕێوەچوو، لە یەكەم رۆژی كۆنگرەدا جیا لە دەستپێكی كۆنگرە و كار و بەرنامەكان، رێزدار جەنابی سەرۆك بارزانی بە كۆی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە، بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرایەوە و دواتر بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی، وەك جێگری سەرۆكی پارتی هەڵبژێردران، پاشان دەست كرا بە دانانی لێژنەی تایبەتمەند بە كۆنگرە و پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی بۆ داهاتوو.
لەبارەی گرنگیی یەكەم رۆژی كۆنگرە كە چۆن بەڕێوە چووە، عەلی تەتەر، ئەندامی كۆنگرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ماوەیەكی زۆر بوو پارتی كۆنگرەی خۆی نەكردبوو، هیوادارین ئەم كۆنگرەیە دووبارە رێكخستنەوەیەك بێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەی هاتووەتەوە پێشەوە و گۆڕانگاری لە سەركردایەتی دروست دەبێت، خەڵكی نوێش دێتە پێشەوە، پارتی گرنگ بوو لەم كاتەدا كۆنگرە ببەستێت، چونكە گۆڕانكاریی گرنگ لە ناوچەكە دروست بووە و لە ئاستی جیهانیش بەهەمان شێوە، بۆیە پارتی دەبێت لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریانەدا خۆی بگونجێنێت.
هەر لەوبارەیەوە، شوان محەمەد تەها، ئەندامی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، كۆنگرەی پارتی گرنگە، بە تایبەت ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان زۆر گرنگ بوو، جۆرێك لە یەكدەنگی و یەكدەستی و یەك تیمی كاركردن هەبوو، نوێكردنەوەی پارتی تەنیا هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی نییە، بەڵكو گونجاندنی دۆخی كوردستانە لەگەڵ گۆڕانگاریی ناوچەكە، ئەوەش چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستانە لە پارتی.
ناوبراو گوتیشی، ئەمڕۆ زۆر گرنگ بوو و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگیرانی مایەی دڵخۆشی بوو، كادیرانیش بە گەشبینییەوە لە ئایندەی پارتی دەڕوانن، هەروەها گوتاری سەرۆك بارزانی ئەمڕۆ ئومێدبەخش بوو، گرنگ ئەوەیە كە ئێمە بتوانین چۆن بەرنامەی پارتی بۆ داهاتووی كوردستان بچەسپێنین، لە گوتاری سەرۆك بارزانی بە ڕوونی خەبات و شۆڕشی گەلی كوردستان و مافەكانی گەلی كوردستان لە حكوومەتی عێراق خرایەڕوو، ئەمە گرنگە وەك نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەری گرفتەكان بخرێتەڕوو.
هاوكات ئانۆ جەوهەر، ئەندامی كۆنگرەی 14ی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا، بەهێزبوونی پارتی، واتا هەبوونی پێكەوەژیان لە كوردستان و عێراق و ناوچەكەش، پارتی زۆر پێداگری لە پێكەوەژیان دەكات، ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە، پارتی خاوەنی شۆڕشی بارزانە، خاوەنی شۆڕشی ئەیلوولە و خاوەنی شۆڕشی گوڵانە، خاوەنی راپەڕینە و خاوەنی دروستكردنی دامەزاروەی حكوومەتە و خاوەنی پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردنە، هەروەها خاوەنی نووسینەوەی دەستوور و جێگیركردنی سیستمی فیدراڵییە، ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەی پارتی بینرا، جێگای دڵخۆشی بوو، پێكەوەژیان بینرا و ئاشتی و نیەتی كاركردن پێكەوە وەك تیم بۆ بەهێزكردنی پارتی كرایە ئامانج.
جەوهەر ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆك بارزانی وەك كاریزما و وەك رابەر و مەرجەع لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە كرایەوە بە سەرۆكی پارتی، ئەمە زامنی دووبارە بەهێزكردنەوەی پارتییە بۆ داهاتوو.
هەر سەبارەت بە یەكەم رۆژی كۆنگرە، عەلی عەونی، ئەندامی كۆنگرەی 14ی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، خەڵك هیوایەكی گەورەی بە پارتییە و لەسەر ئاستی جیهانیش چاویان لەسەر ئەم كۆنگرەیەیە، چونكە پارتی حزبی حوكمڕانە، پارتی لەم كۆنگرەیەدا پێداچوونەوەیەكی جیددی لەسەر هەموو ئاستەكاندا دەكات، چونكە خەڵك هیوای بە پارتییە و ئامانجی گەورەی پارتیش خزمەتكردنی خەڵك و گەیشتنی كوردە بە مافە ڕەواكانیان، بۆ هەموو پرسەكان پارتی ستراتیژیەتی تایبەتی هەیە، بۆیەشە ئێمە یەك مەرجەعمان هەیە، دونیابینیی سەرۆك فراوانە بۆ هەموو پرسەكان و ئێستا هەموو كوردستان چاویان لەسەر كۆنگرەی پارتی و قسەكانی جەنابی سەرۆك بارزانییە، كە زۆر ئاماژەی روونی تێدا بوو.
د. سالار عوسمان، ئەندامی كۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەم كۆنگرەیە زۆر گرنگە، چونكە لە نێوان كۆنگرەی ١٣ و ١٤ـدا ڕووداوگەلێكی زۆر ڕوویان داوە، هەموو ئەو ڕووداوانە پێمان دەڵێن، دەبێت خۆمان بگونجێنینن و بە شێوەیەكی باشتر و نوێتر بگەڕێینەوە مەیدان، ئەگەر سەیری دروشمەكانی كۆنگرە بكەین (ئازادی، دیموكراسی، دادپەروەری) كەواتە كۆمەڵگەی كوردستانی چاوی لە پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ سبەینێیەكی باشتر، ئەمانە بەیەكەوە لە ژێر ڕێنوێنیی جەنابی سەرۆك بارزانی، پێویستە رێیەكی ڕۆشن و كراوە بۆ هەموو كورستان دروست بكەین، لەوێوە دەتوانین كار لەسەر هەموو بوارەكانی ژیان بكەین.
د. سالار گوتیشی، هەموو خەڵكی كوردستان خۆی لە ناو كۆنگرە دەبینێ، خەونەكانیان بۆ ئێمە واجبە و خاوەنداریەتی قەزیەیەكە كە پارتی دیموكراتی كوردستان پێی ناسراوە، ئەمەش وامان لێدەكات ورد بین و وشە و ڕستەكانی لێك گرێدەین و پەرەگرافێكی نیشتیمانیی لێ دروست بكەین.
ئۆمێد خۆشناو، ئەندامی كۆنگرەیی ١٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، لە ژیانی سیاسیی هەموو حزبێكدا كۆنگرە وێستگەیەكی زۆر گرنگە، كۆنگرەی پارتی لەبەر كۆمەڵیك هۆكاری وەك شەڕی داعش و كێشەكان لەگەڵ بەغدا و ڕووداوەكانی دواتر دواخرا، بەڵام ئێستا هەموو كادرەكانی پارتی بە سەركردایەتی پارتییەوە هەموویان ئامادەن و بەپەرۆشن كۆنگرەیەكی نموونەیی ببەسترێت، كە بە گەشبینییەوە تەماشای كۆنگرە دەكەن، جگە لەوەش نوێبوونەوەیەكی مەنهەجی لە پەیڕەو و پرۆگرامدا دەبینین، نوێبوونەوەیەك لە ڕۆحی كاركردن و بەگەڕخستنی خوێنی تازەیە لەناو ئۆرگانەكان و هاتنەپێشی ژمارەیەك لە گەنج لە سەركردایەتیی پارتی هەیە، ئامانجیشمان ئەوەیە پارتی سبەینێیەكی لە ئەمڕۆ باشتر بنیات بنێت.
خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو، پارتی حزبی حوكمڕانە و حزبی ژمارە یەكی كوردستانە و پشكی شێری بەردەكەوێت لە حوكمڕانیدا، پارتی لە ڕابردووشدا لە شۆڕش و قوربانیدا و لە بەدەستهێنانی ئازادییشدا پشكی شێری بەردەكەوێت، لە ئایندەیەكی گەشیش بۆ خەڵكی كوردستان و بەرگریكردن لە مافەكانیان و زامنكردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكی، پشكی شێری بەردەكەوێت و لە ئایندەشدا كاری بۆ دەكات.
كاروان باعهدری




