ڕێگایەکی نێودەوڵەتی لە دھۆک دەکرێتە دووساید

دهۆک -KDP.info- بڕیارە ڕێگای سەرەکیی بەدریک بۆ باعەدرێ بکرێتە دووساید و پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتییش لە بەغدا دەڵێ، بەھۆی داواکاریی زۆری خەڵکی سنوورەکە و ھەبوونی مەترسی لەو ڕێگایە تا دەرچوونی بڕیاری پڕۆژەکە ئێمە بەدواداچوونمان بۆ کردووە.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی پارێزگاری دھۆک ڕاگەیاند: "دوای بەدواداچوون و ھەوڵەکانی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بڕیارە ڕێگای سەرەکیی بەدریک بۆ باعەدرێ بکرێتە دووساید و پارەی تەرخانکراویش بۆ پڕۆژەکە نزیکەی ٤٠ ملیار دیناری عێراقییە، پەرلەمانتارانی فڕاکسیۆنی پارتییش ڕۆڵیان ھەبوو لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.''
هەر لەم بارەیەوە، کاڤین شێخ سەعید، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێگایەکی نێودەوڵەتییە و ڕۆژانە ھاتوچۆیەکی زۆری ھاووڵاتییان و بارھەڵگری لەسەرە و پێشتر بەھۆی تەسکیی ڕێگاکە و ڕووداوی ھاتوچۆوە چەندین قوربانی لەسەر ڕێگاکە ھەبووە، بۆیە بە درێژایی ٢٢ کیلۆمەتر دەکرێتە دووساید و دوای تەواوبوونی کاریگەریی دەبێت لەسەر بواری ھاتوچۆ لە ناوچەکەدا.''
کاڤین شێخ سەعید ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی دەبوونە قوربانیی ڕووداوی ھاتوچۆ لەسەر ئەو ڕێگایە، جگە لەوەی چەندین قەزا و ناحیەی لەسەرە و ھەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا پێکەوە دەبەستێتەوە، خواستی خەڵکی ناوچەکەش بووە، ئێمەش وەک نوێنەری خەڵکی ئەو سنوورە ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە لە ھەرێم و بەغدا بەردەوام بەدواداچوونمان کردووە بۆ ئەوەی ڕێگاکە بکرێتە دووساید.''
قائید میرۆ




