جوان حەسەن: عەرەبە ھاوردەکان پشتیان بە سوپا و پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک گەرمە

کەرکووک -KDP.info- ماوەی چەند ڕۆژێکە عەرەبە ھاوردەکانی کەرکووک لە ناوچەکانی سنووری ھەردوو قەزای دوبز و داقووق ھەڕەشە لە جووتیارانی کورد دەکەن و ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش دەڵێت، ئەوان پشتیان بە سوپا و پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک گەرمە، ئەگەرنا ناتوانن ھەڕەشە لە کورد بکەن.
جوان حەسەن، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەشێکی زۆری عەرەبی ھاوردە گەڕاونەتەوە کەرکووک و ھەڕەشەی داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کورد دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانە جووتیارانی کوردن و پێشتر بە بڕیارێکی بەعس درابوون بە عەرەبی ھاوردە، بەڵام دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق کورد زەوییەکانی وەرگرتەوە.''
ئەندامەکەی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: ''پێویستە نوێنەرانی کورد لە بەغدا چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن، لەبەر ئەوەی ساڵانە لە وەرزی چاندن و وەرزی دروێنە بەردەوام ھاووڵاتییانی کورد ڕووبەڕوی ھەڕەشەی عەرەبی ھاوردە دەبنەوە.''
جوان حەسەن ئاشکرای کرد: "کێشەکە زیاتر دوای 16ی ئۆکتۆبەر سەری ھەڵداوە، چونکە کورد دەسەڵاتی لە کەرکووک نەماوە و عەرەبی ھاوردەش پشتیان بە پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و سوپا و ھێزی چەکدار گەرمە، ئەگەرنا ئەوان ناتوانن بچنە سەر گوندە کوردەکان، زۆر جار پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک خۆی نووسراویان بۆ دەکات.''
قائید میرۆ




