دۆخی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک زۆر خراپە

دهۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە دهۆک گوتی، بەهۆی خراپیی دۆخی ئاوارەکان و کەمیی هاوکاریی حکوومەتی عێراق و ڕاگرتنی هاوکاری لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ سەردانی بەغدا دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ڕاپۆرتێک لەبارەی کێشە و گرفتەکانی ئاوارەکانەوە ئامادە کراوە و دەیدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن.''
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''نوسراوێکمان دابوو بە نوسینگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دهۆک بۆ ئەوەی سووتەمەنی بۆ ئاوارەکان دابین بکرێت و ئەوانیش ڕەزامەندییان داوە بۆ ناو کەمپەکان و ئێمە نووسراوێکی دیکەمان کردووە بۆ ئەوەی نەوت بدرێتە ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکانیش، تا ئێستا وەڵامی نووسراوی دووەمیان نەداوەتەوە، بەڵام ئەوانەی ناو کەمپەکان لەم مانگەدا نەوتیان پێ دەدرێت بۆ هەر خێزانێک 200 لیتر دەبێت.''
پیردەیان جەعفەر گوتی: ''جگە لەوەش، بڕیارە شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ بە بەشداریی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی هەرسێ پارێزگای دهۆک و هەولێر و سلێمانی سەردانی بەغدا بکەن، بەڵام چاوەڕێ دەکەن کە حکوومەتی نوێ دەستبەکار بێت و ڕاپۆرتێکیمان لەبارەی هەموو کێشەکانی ئاوارەکان بە زمانی عەرەبی ئامادە کردووە و سەردانی بەغدا دەکەین و لەگەڵ هەردوو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و ناوخۆ کۆ دەبینەوە، چونکە ڕێکخراوەکان بەردەوامن لە وازهێنان لە هاوکاریی ئاوارەکان، بۆیە ئەرکی حکوومەت هەر دێت و قورس دەبێت.''
جەعفەر باسی لەوەش کرد: ''خەرجی ئاوارەکان گەلێک زۆرە، نیو ملیۆن ئاوارە لە سنووری دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەن، کە هەشت ساڵە تەنها کرێی کارەبای 20 کەمپ گەیشتووەتە 180 ملیار دیناری عێراقی و کرێی 14 کەمپیش کە زەویی جووتیارانە 10 ملیار و700 ملیۆن دینارە، بەشێکی حکوومەتی هەرێم داویەتی کە هی دووساڵە و ئەوەی دیکە ماوە، کە ئەرکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانە، جگە لەوەش پێشتر مانگانە کارتۆنێک خۆراک دەدرا بە ئاوارەکان ئێستا دوو مانگ جارێک دەدرێت و کوالێتیشی باش نییە، بۆیە گەر وا بڕوات دۆخی ئاوارەکان لە وەرزی زستان زۆر خراپ دەبێت.''
بڵند ئیبراهیم




