٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کار بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، کار بۆ ھەموارکردنەوەی ماددەیەکی نێو یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکەین و دەشڵێت، بەھۆی تەواوبوونی وادەی پێشکەشکردنی داواکاری، ھێشتا ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییان نەیانتوانیوە مامەڵەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکەش بە یەکە کاڕگێرییەکان بکەن.

نەجات شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ماوەیەک بۆ تۆمارکردنی داواکاریی خاوەن خانووی زێدەڕۆ دیاری کرابوو، بەڵام زیاتر لە مانێگە وادەکە تەواو بووە و ئیتر ھاووڵاتییان ناتوانن داواکاریی خۆیان پێشکەش بە یەکە کارگێڕییەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی خانووی زێدەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی شارەوانییەکان دەشڵێت: "بەپێی مەزەندەی ئێمە ھێشتا ڕێژەیەکی زۆری ھاووڵاتی ماوە بۆ تۆمارکردنی مامەڵەی خانووی زێدەڕۆ، لەبەر ئەوەیش پێویستە ڕێگەچارەیەک ھەبێت بۆ ئەوەی کەس بێبەش نەکرێت لەو دەرفەتەی حکوومەت بۆ تۆمارکردنی خانووی زێدەڕۆ.''

نەجات شەعبان ڕوونیشی کردەوە: "لیژنەی شارەوانییەکان لەسەر ئەو بابەتە کۆ بووەتەوە و پێشنیار کراوە بۆ ئەوەی تەنیا ئەو ماددەیە ھەموار بکرێتەوە و جارێکی دیکە دەرفەت بە خاوەن خانووە زێدەڕۆکان بدرێت مامەڵە پێشکەش بە حکوومەت بکەن، ھەرچەندە پێشتر یاسای بەناوکردنی خانووی زێدەڕۆ ھەموار کراوەتەوە، بەڵام پێویستی بە ھەمواری ئەو ماددەیە ھەیە و دوای ھەماھەنگی لەسەر شارەوانییەکان و دەزگە پەیوەندیدارەکان کار بۆ ھەموارکردنەوەی ئەو ماددەیەی نێو یاسای بەناوکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکەین.''

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی ٣٠٠ ھەزار خانووی زێدەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان ھەن و دوای دەرکردنی یاسای بەناوکردنی خانووی زێدەڕۆ ژمارەیەکی زۆریان تۆمار کراون بۆ ئەوەی بچنە پرۆسەی تاپۆکردن و ڕێژەیەکی زۆریش بەھۆی کەمیی کاتەوە ھێشتا نەیانتوانیوە مامەڵەی داواکاری پێشکەش بکەن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار