کۆنگرەی ١٤ی پارتی زۆر گرینگ و چارەنووس سازە

ههولێر-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی ٣-١١-٢٠٢٢ لە پارێزگای دھۆک ١٤مین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت، چاودێرانی سیاسی دەڵێن، دەوڵەتانی ئیقلیمی و جیھانی چاویان لەسەر دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی پارتییە.
ناسیح غەفوور چاودێری سیاسیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پارتی لە کاتێکدا کۆنگرەی ١٤ـی دەبەستێت ناوچەکە لە بارودۆخێکی زۆر ھەستیارە، پێویستی پارتی بەوەیە پێداچوونەوەیەکی زۆر بە کاروباری حزبیدا بکرێ، لە نێوان کۆنگرەی ١٣ بۆ کۆنگرەی ١٤ ھەموو رووداوەکان لە بەرچاو بگیرێت، ئەرکێکی زۆر پیرۆز کەوتووەتە سەر شانی پارتی".
ناسیح غەفوور گوتیشی: "لە ئێستادا چاوەکان لە جیھان و ناوچەکە و عێراق و ناوخۆ لەسەر پارتی و کۆنگرەکەییەتی، پارتی لە کۆنگرە چ بڕیارێک دەدات و کادیری بەئەزموون و گەنج دەڕۆنە سەرکردایەتی، ئەم کۆنگرەیە زۆر گرینگ و چارەنوس سازە، بۆ پێوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی دنیا و ئیقلیمی و عێراق".
غەفوور دەشڵێ: "گرنگە چۆن لە حکوومەت چاکسازی دەستی پێکرد و دەرئەنجامی باشی ھەبوو کۆنگرە بڕیاری چاکسازی بدات لە ناو حزبیشدا و کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێن".
پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کوردستان و عێراق و جیھان گرینگه، بۆیە ھەموو لایەک چاویان لە کۆنگرەی پارتییە، سەرکەوتنی پارتی و ئارامی کوردستان کاریگەری ھەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیقلیمی و عێراق، ناسیح غەفوور وای گوت".
عەزیز ڕەسووڵ




