٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" ھیچ لایەنێکی ناوخۆ و دەرەوە بانگھێشتی کۆنگرەی پارتی نەکراوە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بڕیارە کۆتاییی ئەم حەفتەیە کۆنگرەی ١٤ی پارتی لە شاری دھۆک بەڕێوە بچێت و یاریدەدەری سەرۆکی لیژنەی ئیداری و ئامادەکاری کۆنگرەش دەڵێت، زۆربەی کارەکانی بەڕێوەچوونی کۆنگرە تەواو بوون و دەشڵێت، تا ئێستا ھیچ لایەنێکی ناوخۆیی و بیانی بانگھێشتی کۆنگرە نەکراوە.

عومەر بەکر، یاریدەردەری سەرۆکی لیژنەی ئیداری و ئامادەکاری کۆنگرەی پارتی، بۆ  ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٤ی پارتی لە دھۆک تەواو بوون، بابەتی شوێن و مانەوەی ئەندامان ئامادەیە و خشتەی پێشوازیکردن لە ئەندامانی کۆنگرە و بابەتی ئەمنی و پرۆتۆکۆلی و پێشوازی، ھەمووی تەواو بووە و، ھیچ میوانێک لە دەرەوە بانگھێشتی کۆنگرە نەکراوە تا ئێستا.''

یاریدەدەری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دەشڵێت: ''کۆنگرە لە ڕۆژی ٣ی مانگ لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و ئێستا ناتوانین ڕۆژی کۆتاییی کۆنگرە دیاری بکەین، چونکە دەمێنێتەوە سەر تەواوبوونی پرۆگرامەکانی کۆنگرە، لەنێو کۆنگرەدا ژمارەیەک لیژنە پێک دێن بۆ کارکردن لەسەر پەیڕەو و پرۆگرامی نوێی پارتی.''

عومەر بەکر ڕوونی کردەوە: "حزب و لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەگەڵ نوێنەرایەتیی وڵاتانی جیھان لە ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئاراستەکردنی پەیامەوە بەشداری لە کۆنگرەدا دەکەن، واتە لە ڕێگەی پەیامەوە ھێز و لایەنە سیاسییەکان بەشدار دەبن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار