پارێزگاری دهۆک: لە دوو ساڵدا زیاتر لە 560 پڕۆژە دەخرێنە خزمەت خەڵکەوە

دهۆک-KDP.info- پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، لە دوو ساڵدا زیاتر لە 560 پڕۆژە دەخرێنە خزمەت خەڵکەوە.
د. عهلى تهتهر، پارێزگاری دهۆک، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: ''ئێمە پێشتر بەڵێنمان دابوو هێندێک پێشکەوتن لە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریدا جێبەجێ دەکەین، لە ساڵی 2021-2022 لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆک 656 پڕۆژەی جیاجیا بە گوژمەی 488 ملیار و 991 ملیۆن دینار جێبەجێ کران.''
گوتیشی: ''هەر دوای ئەوەی کە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی زاخۆی کرد و قەزای زاخۆ کرا بە ئیدارەی سەربەخۆ، بڕیار درا 51 پڕۆژە جێبەجێ بکرێن کە لەو ژمارەیە 49 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و کەوتوونەتە خزمەت خەڵکەوە، دوو پڕۆژە ماون و هێشتا کاتیان ماوە کە ئەوانیش پڕۆژەی ئاوی باتیفا و پڕۆژەیەکی دیکەیە کە بە ڕێژەی 98٪ کارەکانیان کراوە.''
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش دا: ''لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئامێدییشی کرد و بڕیاری دا 105 پڕۆژە لەو دەڤەرە جێبەجێ بکرێن کە لەو پڕۆژانەش 104 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و تەنیا پڕۆژەی نەخۆشخانەی 100 تەختی ماوە.''
د. عەلی تەتەر ڕایشیگەیاند: ''لە ساڵی 2022دا ئێمە 144 پڕۆژەمان بۆ خزمەتکردنی خەڵک هەبووە، لەوانە 136 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و کەوتوونەتە خزمەت هاووڵاتییان کە بەهاکەیان 235 ملیار دینار بووە، هەشت پڕۆژەش ماون و کاریان تێدا دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش تەواو دەبن. لە ساڵی 2021یشدا ئێمە 133 پڕۆژەمان هەبوو بە گوژمەی 90 ملیار دینار کاریان لەسەر دەکرێت و لەو پڕۆژانەش 98 پڕۆژە کۆتاییان هاتووە و 35 پڕۆژە ماون کە لە ساڵی نوێدا تەواو دەکرێن.''
جەختی لەوەش کردەوە: ''هەر لە ساڵی 2022دا ئێمە 378 پڕۆژەمان هەیە بە گوژمەی 164 ملیار و 400 ملیۆن دینار دروست دەکرێن و ئێستا لە 191 پڕۆژەدا کار دەکرێت و 187 پڕۆژەش لە قۆناغی تەندەریدان و لە ماوەی دوو سێ حەفتەدا دەچنە واری جێبەجێکردنەوە.''
ئاشکرایشی کرد: ''11 قوتابخانەی نوێ دروست دەکرێن کە زۆربەیان 18 پۆلین و ڕەنگە لە دەڤەرێک دوو، یان سێ قوتابخانە دروست بکرێن، ئەوەش بەو واتایە نییە کە جیاوازی لە نێوان دەڤەرەکاندا دەکرێت، بەڵام بەپێی پێویستیی دەڤەرەکان پڕۆژەکان پێشکەشی خەڵکی خۆشەویست دەکرێن.''
ڕامان وریا




