"لیژنەیەکی تایبەت بۆ نەخۆشخانە ئەھلییەکان پێک ھاتووە"
__2022_10_30_h16m23s4__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد، لە دواکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتدا بڕیار لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ پرسی نەخۆشخانە ئەھلییەکان دراوە و دەشڵێت، ئێستا ١٥ نەخۆشخانە فەرمانی داخستنیان ھەیە بەھۆی نەبوونی مەرجی پێویست.
د. ڕەھێل فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەکی بەرفراوان بۆ ڕێکخستنەوەی نەخۆشخانە ئەھلییەکان پێک ھاتووە و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکانی تێدایە، کار لەسەر ڕێژە و نرخ کراوە و ھەتا کار لەسەر ئەوە کراوە کە ھەر نەخۆشخانەیەکی ئەھلی میلاکی تایبەتی خۆی ھەبێت، دەمانەوێت پڕۆژەیەکی تەواو بێت لەبارەی پرسی نەخۆشخانە ئەھلییەکان.''
بریکاری وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "لیژنەکە کار دەکات بۆ ئەوەی نەخۆشخانە ئەھلییەکان لە ھەموو بوارەکاندا ڕێک بخرێنەوە و بەپێی مەرجەکانی حکوومەت کار بکەن، ئەو جیاوازییەی ئێستا ھەیە لە ڕووی نرخ و کوالێتییەوە لە نەخۆشخانە ئەھلییەکان ناھێڵین.''
د. ڕەھێل فەرەیدون ڕوونی کردەوە: "ئێستا بەھۆی نەبوونی مەرجی پێویستەوە ١٥ نەخۆشخانەی ئەھلی لە ھەرێمی کوردستان فەرمانی داخستنیان ھەیە، چونکە پێویستە ھەموو نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەت بەپێی مەرجەکانی حکوومەت کار بکات و بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەی لەگەل دەکرێت.''
قائید میرۆ




