چاودێران: پارتی تاکە حزبە ئەزمەی سەرکردایەتیی نییە

هەولێر -KDP.info- کۆتاییی ئەم حەفتەیە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی خۆی بەڕێوە دەبات و چاودێرانیش وای بۆ دەچن کۆنگرەی چواردەی پارتی دەبێتە ڕووداوێکی مێژوویی بۆ ھەرێمی کوردستان. مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، پەیڕە و پرۆگرامێکی نوێی سەردەمیانە لە کۆنگرەدا پەسەند دەکرێت.
د. عومەر نوورەدینی، مامۆستای زانکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆنگرەی ١٤ی پارتی ڕووداوێکی سیاسیی گەورەیە لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەناو گەلی کورددا بەھێزترین و کاریگەرترین پارتی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کۆنگرەی ئەم جارەش دەبێتە وێستگەیەکی مێژوویی ئەوتۆ لەسەر چەندین ئاست و ڕەھەندەوە ھێز بە پارتی دەبەخشێت، لە کۆنگرەدا مەرجەعیەت و سەرکردایەتییەکی تازە ھەڵدەبژێردرێن، ھەروەھا پەیڕە و پرۆگرامێکی نوێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو وەرچەرخان و ڕووداو و ئالنگارییانەی ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو ھاتوونەتە پێشەوە لەبەرچاو گیراون، پەیڕەوێک لە کۆنگرەی ئەم جارەدا پەسەند دەکرێت کە تێیدا ھەموو ئەوانەی ئاماژەم بۆ کرد لەبەرچاو دەگیرێت.''
هەر لەم بارەیەوە، بەختیار حەیدەر، بەرپرسی فەرمانگەی یاساییی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی حزبێکە بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە و ھەموو کاتێکیش ئەوەی سەلماندووە و لە دوای ڕاپەڕینیش دیارە پارتی حزبی ژمارە یەکی ھەرێم و عێراقیشە، من دڵنیام بە ئەنجامدانی کۆنگرەی ١٤ پارتی دووبارە نوێ دەبێتەوە بۆ قۆناغی ئێستا و داھاتووی خەبات، نھێنیی بەردەوامبوون و بەھێزبوونی پارتی بۆ ئەو نوێبوونەوەیەی دەگەڕێتەوە، چونکە لەسەر ئاستی جیا جیا پارتی ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و دەرکەوت پارتی حزبێکی نیشتیمانپەروەرە، لەبەر ئەوەیش کۆنگرەی پارتی کاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسی دەبێت و زیاتر نزیک دەبێتەوە لە جەماوەری کوردستان.''
د. عومەر نوورەدینی دەشڵێت: "نھێنیی سەرەکیی مانەوەی پارتی وەک گەورەترین حزبی کوردستان و عێراق بۆ پەیوەندیی بە مەرجەعیەت و سەرۆکایەتیی بازرانییەوە ھەیە، چونکە ئەو سەرۆکایەتییەی ناو پارتی وای کردووە پارتی تاکە حزبی کوردییە کێشەی سەرۆکایەتیی نییە، ھەر حزبێک کێشەی سەرۆکایەتیی نەبوو دەتوانێت سەرکردایەتیی خۆی بکات، پارتی ئەزمەی سەرکردایەتیی نییە، بەوەیش دەتوانێت لە ئایندەدا بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیی گەلی کورد، کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو چاوەڕێی پارتی دەکات بۆ ھەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی گەشتر.''
قائید میرۆ




