گەورەترین پڕۆژەی ھەناردەکردنی بەرھەمی کشتووکاڵی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە ئەنجام دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کودرستان گوتی، گەورەترین پڕۆژەی چاندن و بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی بەرھەمی کشتووکاڵی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدرێت، کە دەبێتە یەکەم پڕۆژەی ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە، کە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست دەکرێت.
دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کودرستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گەورەترین پڕۆژەی کشتووکاڵی لە ھەفتەی داھاتوو لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت کە وڵاتی ئیمارات جێبەجێی دەکات کە پڕۆژەیەکی گەورەی کشتووکاڵییە".
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: "پڕۆژەکەش پێکدێت لە چاندن و بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات، بۆیە ئەو بەرھەمە کشتووکاڵیانەی لە ھەرێمی کوردستان دەچێندرێن ھەناردەی دەرەوە دەکرێت لە رێگەی ئیماراتەوە، بۆیە پڕۆژەکە زۆر گەورەیە و سەرمایەکەشی زۆرە و لە قۆناغی یەکەم ھەزار دۆنم زەوی بۆ تەرخانکراوە و دواتر تا شەش ھەزار دۆنم زەوی زیاد دەکرێت".
ناوبراو وتیشی: "ئەم پڕۆژەیە دەبێتە یەکەم پڕۆژە بۆ ئەوەی بەرھەمی کشتووکاڵی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکرێت".
بڵند ئیبراھیم




