ئەمساڵ بەنداوی خنس تەواو دەبێت

دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک گوتی، کار بۆ تەواوکردنی بەنداوی خنس بەردەوامە و ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە 99% و ئەمساڵ ئاوی تێدا گل دەدرێتەوە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی پێش هاتنی وەرزی زستان تەواو بێت.
فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کار بۆ تەواوکردنی بەنداوی خنس بەردەوامە و دەستمان بە گلدانەوەی ئاو کردووە وەکوو تێست و ڕێژەی تەواوکردنی گەیشتووەتە 99% و ئەمساڵ دەتوانین ئاوی تێدا گل بدەینەوە و بەنداوەکە تەواو دەبێت.''
فەرهاد محەمەد گوتیشی: ''هەندێک وردەکاریی ماوە و بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی پێش وەرزی زستان تەواوی بکەین، نزیکەی مانگێک تا دوو مانگی دیکە بەنداوەکە تەواو دەبێت کە زیاتر لە نۆ ملیار دیناری بۆ تەرخان کرابوو و دەتوانرێت نزیکەی حەوت ملیۆن مەتری چوارگۆشە ئاوی تێدا گل بدرێتەوە.''
محەمەد ڕوونیشی کردەوە: ''بڕیارە دوو بەنداوی دیکە لە سنووری دهۆک دروست بکرێن کە یەکێک لە قەزای سێمێل دەبیت و ئەوەی دیکەش لە گەلیی بەنداو.''
بڵند ئیبراهیم




