٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. بێوار خنسی: ھاوشێوەی ئاو غازیش دەگەیەندرێتە ھەموو ماڵێک

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕژدە لە گەیاندنی بۆڕیی غاز بۆ ماڵان و ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتیش جەخت دەکاتەوە، جگە لە ھاوردەکردنی بۆ بازاڕ، بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا و گەیاندنی بە ماڵانیش سوود لە غاز وەردەگیرێت.

د. بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ کاروباری وزە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە زیاتر گرینگی بە کەرتی غاز بدات و بەھۆی ھەبوونی ڕێژەیەکی زۆری غاز لە کێلگەکانی ھەرێمی کوردستاندا، ھەرێم لە توانایدایە ڕۆژانە بەرھەمێکی باشی غازی ھەبێت و جگە لە پێداویستیی ناوخۆ، ھەناردەی بازاڕەکانی جیھانی بکات و تەنانەت بۆ عێراقیش غاز دابین بکات، ئەوەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ سوودوەرگرتن لە غاز.''

لەبارەی دابینکردنی غازی ماڵانیش ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی حکوومەت دەڵێت: "لە چوارچێوەی پەرەپێدانی کێڵگەکانی غازدا بڕیار وایە بەشێک لەو غازەی بەرھەم دێت لە ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی وڵاتانی جیھان لە ڕێگەی بۆڕییەوە بگەیەندرێتە ماڵان و وەک چۆن ئاو بۆ ماڵان دابین کراوە، غازیش بە ھەمان سیستەم بگەیەندرێتە ھاووڵاتییان.''

د. بێوار خنسی ڕوونی کردەوە: "ھەرێمی کوردستان ئایندەیەکی گەشی ھەیە لە داھاتوودا بۆ پەرەپێدان و بەرھەمھێنانی غاز، بەپێی پلانی حکوومەت جگە لە فرۆشتنی بۆ بەرھەمھێنانی کارەباش سوود لە غاز وەردەگیرێت، دانوستانیش لەگەل چەندین کۆمپانیای جیھانی کراوە بۆ کارکردن لە کەرتی غازی ھەرێمی کوردستان.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار