٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیاتر لە ھەزار کەمئەندامی دیکەی ئیدارەی سۆران لە مینحەی حکوومەت سوودمەند دەبن

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە ھەزار کەمئەندامی دیکە سوودمەند دەبن لە مینحەی مانگانە و بەڕێوەبەری چاودێریی گەشەپێدانی سۆرانیش ئاشکرای کرد، لیستی کەمئەندامان بەرز کراوەتەوە بۆ وەزارەت.

تووران خدر، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە چوار ھەزار و 500 کەمئەندام سوودمەندن لە مینحەی مانگانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاساش ئەو کەمئەندامانەی مووچەیان نییە 150 ھەزار دینار وەردەگرن و ئەو کەمئەندامانەی فەرمانبەری حکوومەتن مینحەی کەمئەندامییان 100 ھەزار دینارە.''

بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی ئیدارەی سۆران دەشڵێت: "حکوومەتی ھەرێم ڕەزامەندیی دەربڕیوە بۆ تۆمارکردنی یەک ھەزار و 100 کەمئەندامی دیکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئێستا خەریکی تۆمارکردنی ئەو ھەزار و 100 خاوەن پێداویستیی تایبەتەین.''

تووران خدر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ناوی ژمارەیەکی بەرچاوی کەمئەندام بەرز کراونەتەوە بۆ وەزارەت و لیژنەی پشکنین دوای دەرچوونیان مینحەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت و ئەوانەیشی دەمێننەوە ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەت بەگشتی لە ھەوڵدا دەبین بۆ دامەزراندنیان و خەرجکردنی مینحەی مانگانەیان.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار