"ژمارەیەک کارمەندی تەندروستی لە سۆران دادەمەزرێن"

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران ئاشکرای کرد، چەندین بنکە و ناوەندی تەندروستی لە ساڵی ڕابردوو کراونەتەوە و کەرتی تەندروستی لە سنووری سۆران پێویستی بە کارمەند و پزیشکە و دەشڵێ، نزیکەی 100 کارمەند دادەمەزرێن بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی پێویستن.
کامەران مەلا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی کەرتی تەندروستی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین و لەڕووی تەندروستییەوە خزمەتی زیاتر پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکەین، لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک سەنتەر دەکرێنەوە، لەوانیش سەنتەری چاودێریی چڕ بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و چەندی سەنتەری دیکەی وەک شۆردنی گورچیلە.''
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران دەشڵێت: "لە ساڵی 2012 بەدواوە دامەزراندن ڕاگیراوە و ھیچ کەسێک لەسەر میلاکی تەندروستیی سۆران دانەمەزراوە، ئەمە لە کاتێکدایە چەندین بنکەی تەندروستی و سەنتەر و ناوەندی تەندروستی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراونەتەوە و پێویستیان بە کارمەند و پزیشک ھەیە.''
کامەران مەلا محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەوڵ دراوە بۆ دامەزراندنی 100 کەس لەسەر میلاکی تەندروستی بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی پێویستیان بە کارمەند و پزیشک ھەیە، بەڵام دەمانەوێت میکانیزمێک دابنێین بۆ دامەزراندنی ئەو 100 کەسە و دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست دەبێت، نەک ھەمیشەیی.''
قائید میرۆ




