٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەمەد شوکری: بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوخۆ کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمی چەندین وڵات دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- یەکێک لە بەرنامەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەوڵ دەدات لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کار بکەن بۆ ساغکردنەوە و هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

عه‌بدولره‌حمان باگێرى، یەکێک لە جووتیارە ناسراوەکانی پارێزگای دهۆک، لەلایەن د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا و لە دیدارەکەدا سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بەو جووتیارەی گوت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ دەدەن و بە هەموو توانایانەوە پشتیوانی لە بەرهەمەکانیان دەکەن.

گوتیشی: دەستەی وەبەرهێنان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کار دەکات بۆ ئەوەی بەردەوام بەرهەمی جووتیاران لە بازاڕدا ساغ بکرێتەوە و بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش هەناردە بکرێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوخۆ زۆر جوان و باش و بەتامن و کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمی چەندین وڵات دەکەن، گوتیشی: بەرهەمی جووتیاری نموونە عەبدولڕەحمان باگێرییش لەو بەرهەمانەیە کە ناوبانگی دەرکردووە و زۆر باش و بەتامە، لەبەر ئەوە، ئەوەندەی لە توانادا بێت خزمەتی کەرتی کشتوکاڵ و جووتیاران دەکەین.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار