٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری بازرگانی: چەکی پارەی گەنمی جووتیارانمان بەدەست گەیشتووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- وەزیری بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، تاوەکوو ئێستا چەکی پارەی گەنمی ساڵی 2014ی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیان بەدەست گەیشتووە و کار دەکەن بۆ ئەوەی پارەکە بنێردرێت بۆ بانکەکانی هەرێمی کوردستان و کە پارەکە گەیشت بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خەرجکردنی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەوەندە ئاسان نییە و چەکی پارەکە هاتووە و پێویستە پارەکەی لە بانکی ڕافیدەینەوە بۆ بانکەکانی خۆمان بگوازرێتەوە، بۆیە جارێ چەکەکانمان بەدەست گەیشتووە و کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی پارەکە خەرج بکرێت.''

کەمال موسلیم گوتیشی: ''جارێ سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارەکانین و هەرکاتێک تەواو بوو و پارەکە خەرج کرا دەست بە دابەشکردنی بەسەر جووتیاراندا دەکرێت، ئەوە پارەی گەنمی ساڵی 2014ی جووتیارانە کە هێشتا لای حکوومەتی عێراق ماوە و خەرج نەکراوە.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار