عارف ڕوشدی: کێشەی گەورەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق سوننە و شیعەن

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، باشترین پێوەر بۆ دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنەکان بێت، بۆیە پشکی کورد چوار وەزارەت دانراوە و سێ لەوانە بەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەون، جەحتیشی کردەوە، کێشەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ لایەنەکانی دیکەن، بەتایبەت شیعە و سوننە و کەمترین کێشە لای کورد هەیە.
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عارف ڕوشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''گفتوگۆ بەردەوامە لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و داوامان کردووە پشکی پارتی و هەموو لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنەکان بێت، چونکە ئەمە باشترین پێوەرە و تا ئێستاش چوار وەزارەت بۆ کورد دانراوە و لەو بڕوایەدام کە سێ وەزارەت بەر پارتی دەکەون و جێگری سەرۆکوەزیرانیش بەر پارتی دەکەوێت، ئەگەر لە حکوومەتی نوێدا هەبێت.''
عارف ڕوشدی گوتیشی: ''بڕیارە ئەم هەفتەیە دەنگ بە کابینەی نوێ بدرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا لایەنەکانی دیکە، بەتایبەت شیعە و سوننە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و کەمترین کێشە لای کوردە و کێشەی گەورە لای ئەوانە، بۆیە هەرکاتێک پۆستەکان یەکلایی کرانەوە، ئەوکات کەسانی خاوەن توانا و بەئەزموون بۆ پۆستەکان دیاری دەکرێن.''
بڵند ئیبراهیم




