٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت گەنمی بنەتۆو بە ٨٠٠ ھەزار دینار دەداتە جووتیاران

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆو لە وەزارەتی کشتووکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، دەست بەدابەشکردنی گەنمی بنەتۆو بەسەر جووتیاران دەکرێت کە نمرە یەکە و بەنرخێکی ھەرزانتر لەبازاڕ دەدرێتە جووتیاران، کە لەبازاڕ بەملیۆنێک و ١٥ ھەزار دینارە، واتا حکوومەت بە ٨٠٠ ھەزار دەیداتە جووتیاران.

رێژین سدقی، بەڕێوەبەری چاندن و بنەتۆو لە وەزارەتی کشتووکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئامادەکاری کراوە لەم ھەفتەیە گەنمی بنەتۆو بەسەر جووتیاران دابەش بکرێت کە لەرێگەی پارێزگاکانەوە دەبێت و گەنمەکە بۆ ھەر پارێزگایەک نزیکەی ھەزار و ٨٠٠ تەن دانراوە و ئەوانیش بەپێی رێنمایەکان بەسەر جووتیارانی دابەش دەکەن".

سدقی ڕوونیشیکردەوە: "بڕیارە ھەرتەنێک گەنمی بنەتۆو  بە ٨٠٠ ھەزار دینار بدرێتە جووتیاران و حکوومەت ٢١٥ ھەزار دینار بۆ ھەر تەنێک پاڵپشتی جووتیاران دەکات، چونکە ھەر تەنێک گەنمی بنەتۆو لەبازاڕ نرخەکەی ملیۆنێک و ١٥ ھەزار دینارە، واتا ٨٠٠ ھەزار جووتیار دەیدات و ٢١٥ ھەزار دیناریش حکوومەت دەیدات و ئەو گەنمەش زیاتر دەدرێتە ئەو جووتیارانە کە خاوەن ئەزموونن و بتوانن بەشێوەیەکی باش گەنم بچێنن و پارێزگاری لێ بکەن، بۆ ئەوەی بەرھەمی باش بێت چونکە ئەو گەنمەی دەدرێتە جووتیاران نمرە یەکە و زۆر باشە".

رێژین سدقی گوتیشی: "ھاتنی ئەو شەپۆڵەی باران بارین زۆر گرنگە بۆ وەرزی چاندن و ئەگەر زیاتر ببارێت سوودی زیاتریشی دەبێت و باران بارین وا دەکات کە وەرزی چاندنیش پێشبخرێت، چونکە چەند زوو باران ببارێت جووتیارانیش زووتر دەست بەچاندن دەکەن، بۆیە ساڵانە زیاتر لە مانگی ١١ دەست بەچاندن دەکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار