د. ڕێبوار بابکەیی: نزیکەی ٩٠ کۆچبەرمان ڕزگار کردووە و گەڕێندراونەتەوە ھەرێم

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، تا ئێستا بە دەیان کۆچبەر بە ھەوڵی لیژنەی ڕەوەندی کوردی ڕزگار کراون و دەشڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەسەر خەت بووە و هاوكار بووە بۆ ئەوەی وەكو لێژنە بتوانین، ئەو كۆچبەرانەی ئێمە كە تووشی گرفت دەبن، لەسەر ئەركی حكومەت بیانگەڕێنینە كوردستان.
د. ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەسەر خەت بووە و هاوكار بووە بۆ ئەوەی وەكو لێژنە بتوانین، ئەو كۆچبەرانەی ئێمە كە تووشی گرفت دەبن، لەسەر ئەركی حكومەت بیانگەڕێنینە كوردستان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەزاران دەرفەتی كاری رەخساندووە، بەڵام یەك لە هۆكارە سەرەكییەكانی كۆچی گەنجان، ئەو تۆڕەی قاچاخچێتی بە مرۆڤەكان دەكەن بۆ هەندێك دەستكەوتی مادی هانی گەنجەكانمان دەدەن كۆچ بكەن و كاتێك كۆچیش دەكەن تووشی ئەو رەوشە دەبن لەسەر سنوورەكان.
د. ڕێبوار بابکەیی گوتی: "لیژنەکەمان بەردەوام کاری لەسەر پرسی کۆچ کردووە و بەداخەوە بەھۆی ئەو بڕیارانەی لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی جیھانەوە دەربارەی کۆچبەران دراون، ئێستا ڕەوشی کۆچبەران وەک پێویست نییە و ئەوانەیشی دەیانەوێت کۆچ بکەن لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕێگایەکی سەخت ھەڵدەبژێرن و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.''
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی گوتی: ''توانیومانە ١٥ کۆچبەر بگەڕێنینەوە ھەرێمی کوردستان و لە ماوەکانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری ھەرێمی کوردستان گیریان خواردبوو، توانیومانە ٧١ کۆچبەر لە ئەعزازەوە ڕزگار بکەین و تەنیا یەک کۆچبەر ماوە، ئەویش پەیوەندیمان لەگەڵی پچڕاوە.''
د. ڕێبوار بابکەیی ڕوونی کردەوە: "کۆچبەران بە پاسپۆرتی عێراقی دەچنە وڵاتی ڕووسیا و لەوێشەوە بۆ بیلاڕووسیا و پۆلۆنیا دەچن و دابەشی سەر وڵاتانی ئەورووپا دەبن، ئەمەیش ڕێگایەکی سەختە، چونکە ڕووسیا کۆچبەران بۆ مەرامی خۆی بەکار دێنێت و بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر ئەو وڵاتانە سنوورەکانی واڵا کردووە، بەڵام ئەوەی دەبێتە قوربانیی ئەو جەنگلستانانە ھەر کۆچبەران و ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستانن.''
قائید میرۆ




