وەزیری کارەبا: ترلیۆنێک و 261 ملیار دینار قەرز لای هاوبەشانی کارەبایە

زاخۆ-KDP.info- وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی ترلیۆنێک و 261 ملیار دینار قەرزیان لای هاوبەشانی کارەبایە.
کەمال محەممەد وەزیری کارەبا لە کۆنفراسێکی رۆژنامەنووسیدا لە ئیدارەی زاخۆ ئاماژەی بەوەکرد ملیۆنێک 800 هەزار بەشداربووی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەیە و بڕی ترلیۆنێک و 261 ملیار دینار قەرزی کارەبایان لەسەرە.
راشیگەیاند، ئەو بڕە قەرزە هەمووی لەسەر هاووڵاتیان نییە، بەڵکو بەشێکی لەسەر شوێنە بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵی و فەرمانگە حکوومییەکانە، لەو بڕە 246 ملیار دینار لەسەر فەرمانگە حکوومییەکانە.
وەزیری کارەبا گوتیشی: "لە مانگی داهاتوودا وێستگەیەکی نوێی کارەبا لە شارۆچکەی بازیان لە سلێمانی بە توانای 500 مێگاواتە دەکەوێتە کار، ئەمەش کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاتر دەکات".
کەمال محەممەد، کە هاوکات وەزیری سامانە سرووشتییەکانە بە وەکالەت لە کۆنفراسە رۆژنامەنووسییەکەدا ئەوەشی خستەروو، دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە 20/10/2022 دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
گوتیشی: "بە گورژمەی 70 ملیار دینار نەوتیان کڕیوە و بەسەر خێزانەکان لەناوچە شاخاوییەکان دابەشی دەکەن، کە ژمارەیان 320 هەزار خێزانە و تائێستا زیاتر لە 1500 خێزان تەنیا لە ئیدارەی سەربەخۆیی زاخۆ نەوتیان وەرگرتووە".
کەمال محەممەد باسی لەوەشکرد: "لە 23ی تەممووز لەکاتی سەردانی مەسروور بارزانی بۆ بەغدا باسییان لە ناردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها لە 3ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، مستەفا کازمی لەکاتی سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان بەڵێنیدابوو لە 15ی تشرینی یەکەم بڕە نەوتێک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تائێستا نەنێردراوە".
دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕ دا کردووە و بەهۆیەوە نرخی بەرمیلێک نەوت لە نزیکەی 300 هەزارەوە بۆ 250 هەزار دینار دابەزیووە.
ڕامان وریا




