کامیل قەزاز: چەند پڕۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا جێبەجێ دەکرێن
_(1)__2022_10_20_h16m34s6__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد، ھەزار میگاوات کارەبا لە وێستگەی کواشێی شاری دھۆک ھەیە و تەنیا لەسەر دابینکردنی غاز ماوە بۆ کارکردن و دەشڵێ، چەند پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژیی بەرھەمھێنانی کارەبا لە بازیان و ھەولێر جێبەجێ دەکەن.
کامیل بەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وێستگەی کواشێ لە شاری دھۆک توانای بەرھەمھێنانی ھەزار میگاوات کارەبای ھەیە، بەڵام سیاسەتی وەزارەت ئەوەیە کارکردنی وێستگەکە لە گازەوە بگۆڕێت بۆ غاز و گەیاندن و دابینکردنی غاز دەکەوێتە سەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ھەرکاتێک ئەوان غاز دابین بکەن ئەوە بێگومان ھەزار میگاوات لە چوار یەکەی وێستگەی کارەبای کواشێ دەکەوێتە کار و دەخرێنە ناو تۆڕی گشتیی کارەبای ھەرێمی کوردستان.''
بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "وەزارەتی کارەبا داوای لە سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ کێشانی بۆڕی و دابینکردنی غاز بۆ وێستگەی کواشێ، بەڵام پڕۆژەکە دەکەوێتە سەر سامانە سروشتییەکان و زانیاریم نییە بە ڕێژەی چەند کاریان لەسەر کردووە.''
کامیل قەزاز گوتیشی: "ئێمە چەند وێستگەیەکی دیکەی بەرھەمھێنانمان ھەیە لە ھەولێر و بازیان، بڕیارە ساڵی داھاتوو بکەونە کار و ڕێژەی بەرھەمھێنان بەرز دەبێتەوە، بەتایبەتی لەوەی بازیان بە دوو پڕۆژە نزیکەی ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دێت و بەوەش کاریگەریی لەسەر باشبوونی ڕەوشی کارەبا دەبێت لە ھەرێمی کوردستان.''
قائید میرۆ




